ZNA - ههولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو، جاسم محەمەد بدێوی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن کۆبووەوە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامداوە.
فوئاد حوسێن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جاسم محەمەد بدێوی خستەڕوو و رایگەیاند کە لە کۆبوونەکەدا، باسیان لە پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای سعوودیە و کەنداو لەگەڵ عێراق کردووە.
ئاماژەی بەوەیشدا کە دەرگاکانی وەبەرھێنان لە عێراق بەڕووی کۆمپانیاکانی کەنداو کراوەن و گوتی: "ھانی کۆمپانیاکانی کەنداو دەدەین کە بۆ کاری وەبەرھێنان روو لە عێراق بکەن".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن باسی لەوەیش کرد کە حکوومەتی عێراق کار دەکات بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوازرییەکان و پلانێکی روونی ھەیە بۆ وەبەرھێنان لە کەرتی غازدا.
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو، جاسم محەمەد بدێوی رایگەیاند کە ئەنجوومەنی ھاریکاریی کەنداو کار دەکات لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و گوتی: "دەمانەوێت پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداو پتەوتر بێت".
جاسم محەمەد بدێوی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای سعوودیە و کەنداو لەگەڵ عێراق بە پرۆژەیەکی گەورە ناوبرد و رایگەیاند، پلان ھەیە ئابووری کەنداو بە ئابووری عێراق ببەسترێتەوە و گوتی: "عێراق رۆڵێکی گەورە لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەگێرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و وابڕیارە لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
AA
ئەم هەواڵە 601جار خوێندراوەتەوە |