ZNA-هەولێر
بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی سەقامگیرکردنی بازاڕی دراویان تاوتوێ کرد.
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلی عەلاق و ژمارەیەک راوێژکار کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان سەقامگیرکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو بوو، کە تێیدا جەختیان لە چاکسازی کەرتی بانکی و پەرەپێدانی کردەوە.
ئاماژەیان بەوەشدا، پەرەپێدانی کەرتی بانکی گرنگە بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام.
هاوکات بانکی ناوەندیش لە راگەیەندراوێکی جیاوازدا ئاشکرایکرد، بەردەوام دەبن لە خستنەڕووی دۆلار بە نرخی فەرمی کە هەر دۆلارێک بە 1320 دیاریکراوە.
ئەو هەوڵانەی سەرۆکوەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە، دوای سزادانی 14 بانکی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو ناسەقامگیرە جارێکی دیکە بەهای دینار ئاراستەی دابەزینی وەرگرتەوە. لە مامەڵەکانی ئەمڕۆشدا بەهای 100 دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 200 دینار.
ئەم هەواڵە 643جار خوێندراوەتەوە |