|
د.شوان محەمەدئەمین تەها خۆشناو ئەگەربە سەلیقە و وردبینییەوە لە دیمەن و شانۆى سیاسیی کورد و وڵاتەکەى بڕوانىن، لە نێوان ساڵانى (1919-1923) واتە لە کۆنگرەى ئاشتى لە پاریس تا کۆنگرەى لۆزان لە سویسرا، ئەو پێواژۆکە مێژووییە هەستیارە دەبینین، تێیدا دۆزى کورد لە داڵانە نێودەوڵەتىى و هەرێمایەتییەکاندا بەچڕى تاوتوێ کراوە، چەندین هەڵبەز و دابەزى سەیرى تێدا نمایش کراوە، بەڵام دواجار سازشکارى نێودەوڵەتى دەرهەق بە مافەکانى نەتەوەیەکى ستەملێکراو لەسەر مێزى بەرژەوەندىیە ئابورى و سیاسیی و سەربازییەکان واژۆ کرا.
دیارە لە دواى کۆتاییهاتنى جەنگى یەکەمى جیهانى ناوچە کوردییەکان بەسەر سێ وڵاتى گەورەى ئێران و ڕووسیا و دەوڵەتى عوسمانى دابەش ببوون، دواتر تورکیاى نوێى کەمالى وەک میراتگرى عوسمانییەکان لەسەرپێى خۆى وەستا و توانیان پیاوە نەخۆشەکە لە مەرگ ڕزگار بکەن، ئیدى دۆزى کورد و کوردستان، چ وەک خاک، چ وەک نەتەوەیەکى ناتورک لە ناو دەوڵەتى شکستخواردووى عوسمانىیدا، بووە کێشەیەکى هەرێمى و نێودەوڵەتى، کە لە بنچینەدا کێشەیەکى نەتەوەیی زیندوو بوو.
ناوچە کوردییەکان لە سەردەمى عوسمانییدا لە هەموو ڕووێکەوە پشتگوێ خرابوون، هۆزەکان لە ململانێى بەردەوام دابوون، بەهۆى ئەوەى ناوچە کوردییەکان شاخاوى و سەخت بوون، تا ئاستێک لە کاریگەرى شارستانیش بەدوور بوون. ئینجا کورد سەرەڕاى ئەو هەموو ستەمکاریی و هێرشکارییانەى بە دەست و فەرمانى سوڵتانەکانى عوسمانى ئەنجام دران، بەڵام هێشتا ژمارەیەکى زۆرى کوردەکان هێندە وابەستەى ئاین بوون، بەچاوێکى پیرۆزەوە لە سوڵتانیان دەڕوانى، پێیان وابوو لە ڕووى ئاینییەوە دژایەتیکردنى ڕێگەپێدراو نیە.
بەهەر حاڵ سەرانى دەوڵەتى عوسمانى دواى ئەوەى چوونە پاڵ ئەڵمانیا، بەدۆڕاوى لە جەنگەکە هاتنە دەرەوە، ئیدى لە بەندى شازدەى ئاگربەستى مۆدرۆس(30ى تشرینى یەکەمى 1918) دەبوایە هێزەکانى عوسمانی خۆیان ڕادەستى هاوپەیمانان بکەن، بەمجۆرە وڵاتە براوەکانى جەنگ بیریان لە داڕشتنەوەى نەخشەى ناوچەکە کردەوە و بۆ دابەشکردنى دەوڵەتى عوسمانى بەگوێرەى بەرژەوەندى و بەهێزکردنى هەژموونى خۆیان هەوڵەکانیان خستەگەڕ، لەولاوەش ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وەک هێزێکى کاریگەر دەرکەوت، کاتێک سەرۆک ودرۆ ویڵسۆن چواردە بنەما سەرەکیەکەى ڕاگەیاند لە بەندى دوازدەدا دڵنیایی دابووە کەمینە و نەتەوە ناتورکەکانى ناو دەوڵەتى عوسمانى بۆ گەیشتن بە مافى چارەنووسى خۆیان.
کاتێک کۆنگرەى ئاشتى لە پاریس 1919-1920 بەسترا، کە فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆڵى سەرەکیان دەبینى، ڕۆشنبیرە کوردەکان و دەستە و ڕێکخراو و کۆمەڵەکان کەوتنە خۆ بۆ ئەوەى ئەوانیش وەک نەتەوەکانى تر بتوانن لەم خوانەدا پارچەیەکیان بەر بکەوێت و وڵاتێکى سەربەخۆ بونیات بنێن و بە مافەکانیان بگەن، ئیتر چالاکیی سیاسییان دەستى پێکرد، لە دەرگاى کۆنگرەکانیان دا، (کۆمەڵەى تەعالى کوردستان ) کە سەرۆکەکەى سەید عەبدولقادرى شەمزینى بوو، دواى ئەوەى لەگەڵ (کۆمەڵەى تەشکیلاتى ئیجتیماعى) و (کۆمەڵەى ئیستیقلالى کوردستان) کۆبووەوە، شەریف پاشاى خەندانیان هەڵبژارد و کرایە سەرۆکى شاندەکە و نوێنەرى کورد تا لە کۆنگرەى ئاشتى پاریس بەشدارى بکات، ئیتر ئەم کۆنگرەیە و بەڵێنەکانى ویڵسۆن بۆ مافى چارەنووسى گەلان هیوا و ئاواتى نەتەوەکانى کورد و عەرەب و ئەرمەنى بوژاندەوە.
بەمشێوەیە هەوڵەکانى کورد لە پێناو سەربەخۆییدا خرانەگەڕ، لەولاوەش عوسمانییەکان سوکە بەڵێنێکیان بۆ خودموختارى بە کوردەکان دابوو، بۆیە ژمارەیەک لە سەرۆک هۆزە کوردەکان لە ناوچەکانى دیاربەکر دژى کەمالییەکان بوون و لەگەڵ دەوڵەتێکى سەربەخۆى کوردى بوون، هەندێ هەوڵیش دران بۆ بەرپەچدانەوەى بزاڤى کەمالییەکان، هەروەها لە ناوچەى دەرسیمیش هەوڵى وا هەبوو، هەندێک لە کوردەکانیش لەگەڵ عوسمانییەکان بوون، بەڵام ئەوان خۆریان لە ئاوابوون بوو، لەو کاتەدا مستەفا کەمال لەناو سوپاى عوسمانیدا دژى خۆڕادەستکردن و ملکەچبوون بۆ داخوازییەکانى هاوپەیمانان دەوەستایەوە، لێرە بەدواوە بزووتنەوەى سەربەخۆخوازى تورکى بەناوى بزووتنەوەى کەمالیەکان ناسرا.
کەمالییەکان لە قۆناغى جەنگى سەربەخوازییدا زیرەکانە کاریان لەسەر بزواندنى هەست و سۆزى ئاینى کوردەکان کرد، چونکە لە سەرەتادا بەرگى غەزایان پۆشى و خۆیان بە بەرگریکارى خەلافەتى ئیسلامى و ناساند، بەمەش هاوسۆزى تەواوى کوردەکانى دەستەبەر کرد، لەلایەکى دیکەوەش ئەرمەنەکان لە هەوڵى بەدەستهێنانى ڕۆژهەڵاتى ئەنادۆڵ بوون، ئەمەش هۆکارێکى تر بوو کوردەکان زیاتر بەلاى کەمالییەکان بشکێتەوە، لە ئەنجامدا کەمالییەکان بە بەشدارى هەندێک کەسایەتى و سەرۆک هۆزى کوردی دوو کۆنگرەىان بەست، لە کۆنگرەى ئەرزەڕووم داوایان کرد هاوکار بن، بۆ ئەوەى دژى پیلانگێڕیی ئینگلیز و یۆنان و ئەرمەنەکان بوەستینەوە، کوردەکان مەرجى خودموختاریان دانا، لە ئەگەرى ڕازینەبوونى ئەستەنبۆڵ پاڵپشتى خۆیان بۆ شۆڕشى کورد ڕابگەیەنن، کەمالییەکان کۆنگرەى دووەمیان لە سیواس بەست، لەوێ ژمارەیەک سەرۆک هۆزى کورد پاڵپشتى خۆیان بۆ کەمالییەکان ڕاگەیاند، بەمشێوەیە کەمالییەکان تا کۆنگرەى لۆزان پەیوەندیان بە کوردەکان نەپچڕاند، بەڵکو جەختیان لەسەر برایەتى تورکى-کوردى دەکردەوە و هاوسۆزیان بۆ هەستى نەتەوەخوازى کوردى دەردەبڕى.
لەم کاتەدا ئەستێرەى بەختى مستەفا کەمال دەدرەوشایەوە، سەرکەوتنیان بەسەر فەڕەنسییەکان هێنابوو، بۆیە هاوپەیمانان نیگەران ببوون و دەیانویست بەخێرایی پەیماننامەى ئاشتى لەگەڵ حکومەتى ئەستەنبۆڵ ببەستن، ئەوەبوو لە 10ى ئابى 1920 پەیماننامەى سیڤەر واژۆکرا، لێرەدا پرسی کورد لە بەندەکانى (62،63،64) چارەسەر کرابوو، سنوورى دەوڵەتى ئەرمینا هەریەک لە ویلایەتەکانى تەڕابزۆن، ئەرزەڕووم، وان و بەتلیسى دەگرتەوە، ڕەچاوى ئەوەش کرابوو بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەرمەنەکان لەناوچە کێشەلەسەرەکان ڕێککەوتن بکەن، دواى ئەم خودموختارییەى لە چوارچێوەى تورکیا لە سیڤەر بۆ کورد دانرابوو، بۆى هەبوو لە داهاتوو بە ڕاپرسیەک جیاببنەوە و ئەنجامەکە کۆمەڵەى گەلان پەسەند بکرێت.
دەتوانین بڵێین ئەم پەیماننامەیە ئینگلیزەکان ڕۆڵى سەرەکبان تێێدا هەبوو، کەڵەگەڵ بەرژەوەندییە تاکتیکییە کاتییەکانى خۆیان یەکانگیر دەبوو، بۆیە ڕیمۆن بوانکارێى سەرکۆمارى ئەساى فەڕەنسا وتى: ئەم پەیماننامە تەنها گوڵدانێکى شکاوە. هاوکات هەندێ کەس بە پەیماننامەیەکى مردوو وەسفیان کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیماننامەى سیڤەر وەکو بەڵگەنامەیەکى مێژوویی گرنگى نێو دەوڵەتى مایەوە.
بەهەرحاڵ پەیماننامەى سیڤەر بە توندى لەلایەن کەمالییەکان ڕەتکرایەوە و خۆنیشاندانى گەورە لە ئەستەنبۆڵ دەستى پێکرد، کەمالییەکان بانگەشەیان بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنی سوپایەکى نوێىان کرد لە پاشماوەى سوپاى عوسمانى، ئەم هەلەیان بەتەواوى بۆ ڕەخسا.
کوردەکان لە ناوەخۆ کۆدەنگ نەبوون و خۆیان یەکلانەکردبۆوە، ململانێ لە نێوان زلهێزان هاتەئاراوە، کەمالییەکان چاویان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ فەڕەنسا و یەکێتى سۆڤیەت خشاندەوە، ئەوانە هەموو پێشهاتى نوێ بوون و دیدگە و ڕوانگەى کوردى لە ئاستى خوێندنەوەى بارودۆخەکە نەبوو.
لەم بارودۆخە هەستیارەدا، مستەفا کەمال پاشا دەرفەتى بۆ ڕەخسا لە ئەنکەرە ئەنجومەنى نیشتمانى تورکى دابمەزرێنێت و زیاتر لە سەد ئەندام پەرلەمانى عوسمانى هاتنە ناو پەرلەمانى نوێ و لەم ئەنجومەنەدا ژمارەى ئەندامە کوردەکان 72 کەس بوو، بەتوندى پەیماننامەى سیڤەران ڕەتکردەوە، هاوکات ئەم واقیعە نوێیە هەر زوو فەڕەنسییەکانى ناچارکرد لە پەیمانى سیڤەر پاشگەز ببنەوە، ئەم گۆڕانکارییانە بوونە هەوێنى پەرتەوازەیی کورد و بێ بەرنامەیی، چونکە لە شەڕى سەربەخۆخوازییدا ژمارەیەکى زۆرى سوارە و جەنگاوەرانى کورد دژى یۆنانى و فەڕەنسییەکان و هێزە بیانییەکان شانبەشانى کەمالییەکان بەشداربوون و دەجەنگان.
بەمجۆرە جەنگى سەربەخۆیی تورکەکان بە پاڵپشتى کوردەکان لە لۆزان کۆتایی هات، کاتێک لە 24ى تەموزى 1923 سەد ساڵ لەمەوبەر بە بەشدارى بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و یابان و رۆمانیا و یۆگۆسلافیا و یۆنان لە بەرەیەک تورکیا لەبەرەکەى تر واژۆ کرا .
کەمالییەکان زیرەکانە کوردیان بەکارهێنا، تا ئەو ئاستەى ئەندامانى کورد لە (ئەنجومەنى نیشتمانى گەورەى تورک) برووسکەیەکیان بۆ لۆزان نارد و تێیدا نووسیبوویان ئێمە نامانەوێت هەرگیز لە تورکەکان جیابینەوە! لە پەیماننامەکە هەموو بڕگە و بەندەکانى تایبەت بە مافە نەتەوەییەکانى کورد سڕایەوە، لە دوو مادەى 38 و 39 هاتبوو: حکومەتى تورکى پارێزگارى تەواو لە دانیشتوانەکە ژیان و سەروەتیان دەکات بآ جیاکارى ڕەگەز و نەتەوە و زمان و ئاین، لە مادەى دواتر هاتبوو هەموو شارۆمەندێکى تورکى هەر زمانێکى هەبێت پێى بدوێت ئازادانە دەژى! بەم دەربڕینە لاستیکیانە خەونى سەربەخۆیی کورد و هیوا و ئاواتەکانى خنکێنران و کەمالییەکان بەڵێنەکانیان نەبردەسەر .
پرسیارەکان بۆ خوێنەر جێدەهێڵم و دەپرسم: ئایا کاتی نەهاتووە پشت بەخۆ ببەستین؟ یەکڕیزى هەتوانى برینەکانى کورد نیە؟ تاکەی پەند لە مێژوو وەرنەگرین؟.
ئەم هەواڵە 1069جار خوێندراوەتەوە |