ZNA - هەولێر
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، کارگەی وەتەنیەی بۆ بەرهەمهێنانی قیری ئۆکسجینی کوالێتی بەرز، لە پارێزگای موسەنا کردەوە.
سوودانی سەردانی بەشی کارکردنی ئەلیکترۆنی کارگەکەی کرد، گوێی لە روونکردنەوەی وردی کارەکانی یەکەکانی کارگەکە گرت، کە توانای بەرهەمهێنانی ئەو کارگەیە دەگاتە 200 تۆن لە کاتژمێرێکدا.
سەرۆکی حکومەتی عێراق، هەوڵەکانی کادیران و کرێکارانی ئەندازیاری لە کۆمپانیای ناوخۆیی و دروستکردنی کارگەکەی بەرز نرخاند، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی عێراق بە گشتی و پارێزگای موسەنا بەتایبەتی، ئاماژەی بەوەشکرد، کە پارێزگای موسەنا خاوەنی چەندین پێکهاتەیە بۆ ئەوەی پارێزگایەکی کاریگەر بێت لەسەر ئاستی پیشەسازی و وەبەرهێنانی نیشتمانی، کە ئابوورییەکەی بەرەوپێش دەبات و هەلی کار بۆ خەڵکەکەی دەڕەخسێنێت، بەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان.
کارگەکە بە سیستەمێکی مۆدێرن بەڕێوەدەبرێت، توانای بەرهەمهێنانی لە رۆژێکدا لە 2هەزار تۆن زیاترە لە قیری ئۆکسجینکراو بە جۆرە جیاوازەکانەوە، لەوانە قیری پلە 40/50، کە بۆ ڕووپۆشکردنی رێگاوبانەکانی ناوخۆ بەکاردێت، هەروەها بەرهەمی ئۆکسجینکراویش بەرهەمدەهێنێت کە بۆ هەناردەکردن بەکاردێت.
ئەم هەواڵە 745جار خوێندراوەتەوە |