ZNA - ههولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان سەربە ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیرکردنی مەترسیدارترین باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی لە پارێزگای موسەننا باشووری وڵاتەکە راگەیاند.
لەو راگەیەندراوەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان سەربە ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەچاودێری راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ، عەبدولئەمیر شممەری و لەمیانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانەوە بەڕێوەدەچێت، تێمێکی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرخ و لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەریی، مەترسیدارترین باندی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای موسەننا دەستگیرکرد.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە باندەکە لە سێ تۆمەتبار پێکهاتووە و لە کاتی دەستگیرکردنیشاندا دەستگیرکراوە بەسەر دوو ملیۆن حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن کە بڕەکەی نزیکەی ٢٢٠ کیلۆ گرام بووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی ٢٧ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان دەستگیرکراون و رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەریاندا دەگیرێتەبەر تاوەکو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
ئەم هەواڵە 595جار خوێندراوەتەوە |