ZNA - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە پێدانی قەرزەکانی عێراق بە ئێران بە مانای گۆڕانکاری لە سیاسەتی سەپاندنی سزاکان نییە، هەروەها میکانیزمەکانی دەستڕاگەیشتن بەو پارانە دیاری دەکات.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی ڕاگەیاندنی خەرجکردنی سەرجەم قەرزەکانی عێراق بە ئێران لە باجی غازەوە، گوتی، "ئەمە بە مانای گۆڕانکاری لە سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە ئێران یان عێراق نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئیدارەی بایدن بەردەوامە لە جێبەجێ کردنی هەموو سزاکان بەسەر ئێران دا.
میلەر گوتیشی: لە ساڵی 2018 وە، وەزارەتی دەرەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆنگرێس کۆمەڵێک ئیمتیازی کردووە کە ڕێگە بە عێراق دەدات پارەی هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە بدات، بە گواستنەوەی پارەش عێراق هەژمارێکی سنوورداری هەیە.
جەختیشی لەوە کردەوە، لەگەڵ سزاکانی ئەمەریکا، ئەم پارەیە تەنیا بۆ مامەڵەی مرۆیی و مامەڵەی دیکەی گەمارۆنەدراو دەتوانرێت بەکربهێنرێت، پارەکە تەنیا دەچێتە لایەنی سێیەمی پەسەندکراو، ڕاستەوخۆ ناگوازرێتەوە بۆ ئێران.
ڕۆژی یەکشەممە، بریکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری گاز ڕایگەیاند، وەزارەتی کارەبای عێراق هەموو قەرزەکانی پەیوەست بە غازی بە ئێران داوە.
گوتیشی: "وەزارەتی کارەبای عێراق سەرجەم باجەکانی ئێمەی داوە بۆ غاز، ئێستاش قەرزەکە سفرە، بەڵام هەندێکجار کێشە لە گواستنەوەی پارە لە بانکی TBIی عێراقییەوە بۆ ئێران دروست دەبێت".
ئەم هەواڵە 418جار خوێندراوەتەوە |