ZNA-هەولێر کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک، ئینستگرام و واتسئاپ رایگەیاند بەکارهێنەرانی واتساپ دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا ئەو نامانە چاکبکەنەوە کە ناردوویانە.
لەو راگەیەندراوەی کە لە مێتاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، تایبەتمەندییەکی نوێی هێناوە و لەرێگەیەوە کۆنتڕۆڵی زیاتر لە کاتی گفتوگۆکردن بە بەکارهێنەرانی واتساپ دەدات بەشێوەیەک کە دەتوانن هەڵەیەکی بچووکی نووسین چاکبکەنەوە و نووسین بۆ نامەکانیان زیادبکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا، باس لەوە کراوە کە بەکارهێنەران دەتوانن پەنجە لەسەر ئەو نامانە دابگرن کە ناردوویانە و لە رێگەی بژاردەی "چاککردنەوە"وە دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا گۆڕانکاری لە نامەکاندا ئەنجامبدەن و ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو نامانەی کە چاککراونەتەوە بە دەستەواژەی "چاککراوە" هێما دەکرێت بەڵام کەسی بەرامبەر ناتوانێت رابردووی چاککراوەکان ببینێت.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، نامەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەسەریاندا هاتووە بە تەواوەتی بە وشەی نهێنی دەپارێزرێن و تایبەتمەندیی بەکارهێنان بۆ هەموو جیهان خراوەتە بەردەست و لە هەفتەکانی ئایندەدا هەموو کەس دەتوانێت بەکاریبهێنێت.
ئەم هەواڵە 1315جار خوێندراوەتەوە |