ZNA - هەولێر پرسی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ یانەی بارسێلۆنا، لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا میدیای جیهانی تەنیوە و راهێنەری هەردوو یانەی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمانیش لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی یاریزانەکەش قسەدەکەن.
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئێلچی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی گوتی "بابەتی گەڕانەوەی مێسی پەیوەندیی بە زۆر هۆکارەوە هەیە، بابزانین یاسای یاریی خاوێن رێگەمان دەدات چی بکەین، زۆر شت هەیە کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین، بەڵام پێموایە گرنگترین شت ویستی لیۆیە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێرە، لیۆ دەزانێت ئێرە ماڵی ئەوەیە و دەرگاکانمان هەمیشە بۆ ئەو کراوەن، زۆر دڵخۆشدەبین بە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام ئەوە بەندە بە چەند هۆکارێکەوە."
راهێنەری بلاوگرانا دەڵێت " هیوادارم لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانم نەکەن، بەڵام بێگومان مێسی گەشەدەکات، هاوڕێی تیپەکەم بووە، ئەویش وەک پێگەی تایبەتی خۆی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ تێگەیشت، من بەباشی ئەو دەناسم، ئەو لە زۆر رووەوە نموونەیە، تێدەگەم کە هاندەران و خەڵک بەپەرۆشن بۆ گەڕانەوەی، ئەوە وەک دوا سەمای مایکل جاکسۆن دەبێت، تێدەگەم خەڵک بیری لێدەکەنەوە، بۆ ئێمەش گرنگترین شت دڵخۆشیی هاندەرانی بارسێلۆنایە."
چاڤی هێشتا لەبارەی لیۆوە قسەیکرد و گوتی "من و مێسی هاوڕێین و پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوانماندا هەیە، ئەگەر ئەو بگەڕێتەوە یەکەم کەس من دڵخۆش دەبم، چونکە زۆرینەی تەمەنی لێرە بووە و ئەو باشترین یاریزانی مێژووە، بەڵام بابزانین چی دەبێت."
لەلایەن خۆیەوە کریستۆڤ گالتێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان باس لە داهاتووی مێسی دەکات و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی لیۆن کە رۆژی یەکشەممە دەکرێت گوتی "دەربارەی داهاتووی لیۆ، بارودۆخی لیۆ بارودۆخی یانەکەیە، گفتوگۆ لەنێوان هەردوولادا هەیە، بیرکردنەوەی ئێمە لای ئەو 10 یارییە کە ماومانە، 10 یاریی داهاتوو رێگەی گەیشتنمانە بە بردنەوەی خولی فەرەنسا، مێسی چ بڕیارێک دەدات، یانەکە چ بڕیارێک دەدات؟ ئەوە هێشتا زۆر نهێنییە."
گرێبەستی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی ئەمساڵ لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، هێشتا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان هەردوولا نییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
رووداو
ئەم هەواڵە 682جار خوێندراوەتەوە |