English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
مستەفا بارزانی هێمای بەیەكەوەژیان لە كوردستاندا
2023-03-14 [05:08 AM]

نووسین: وەیسی سەعید وەیسی


مەلا مستەفا بارزانی، ڕابەری زیاتر لە نیو سەدەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، جگە لەوەی لە قۆناغێكی مێژوویی و چارەنووسسازدا، خەباتی دژی داگیركەرانی كوردستان دەست پێ كرد، هەموو ژیانی خۆی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان تەرخان كرد، میراتێكی گەورە و پر لە شانازی لە هەموو بوارەكاندا بۆجێهێشتین، لەپاڵ خەباتی نیشتمانیدا، مەلا مستەفا بارزانی خەباتێكی مرۆیی و ئاشتیخوازانەشی ئەنجام دا، بێ جیاوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەكان، هەمووانی كۆكردەوە و پارێزگاری لێ دەكردن، لەپێناو یەكتر قبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، بۆ ئاوەدانكردنی كۆمەڵگەیەكی مرۆڤدۆستانە، كە تێیدا كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت. ئەزموونی ساڵانی تەمەنی پڕ شانازیی جەنابی بارزانی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە پێكەوەژیانی ئاشتییانە و یەكتر قبووڵكردن و لێبووردەیی لە پرەنسیپە نەگۆرەكانی كەلتووری ڕێبازی بارزان بووە، بەو پێیەی سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) كە ڕۆڵی گرنگی هەبووە، لە داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان، ئەگەر تەنیا گوندی (بارزان) بە نموونە وەربگرین، ئەم ڕاستییەمان بۆ بە دیار دەكەوێت، كە تاكە شوێن بووە لە كوردستان، شوێنی خواپەرستی و باوەڕدارانی چەندین ئایین بە بێ جیاوازی بووە و لە ئەرك ومافدا یەكسان بوون و هەستیان بە هیچ جیاوازییەك نەدەكرد. لەدوای شەهید بوونی شێخیش لەسەرهەمان ڕێچكەی ئەو (شێخ ئەحمەد بارزانی ) بەردەوامی بەو بنەما هزرییانەی دا، بە جۆرێك كردیە كردەیی تا بووە بەشێكی گرنگ لە فەرهەنگ و كەلتووری خەڵكی بارزان، چونكە بێ جیاوازی داكۆكی كردووە لە مافی هەموو پێكهاتەكان، تەنانەت‌ لەم پێناوەدا قوربانیی گەورەی بەخشیوە. بێگومان ئەم بنەما هزرییانە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر تێڕوانینی بارزانیی نەمر، بۆیەش وەك پابەندبوونێك بەو ڕێبازە بەردەوامی پێ دا، بە جورێك وای كردووە بە شێوازی كرداری ڕەنگ بداتەوە، ئەوەتا كاتێك ئەندرانیك پاشای ئەرمەنەكان نامەیەك بۆ شێخ ئەحمەد بارزانی دەنێرێت و، داوای بەهانا هاتنی لێ دەكات، چونكە ستەم لە ئەرمەنەكان دەكرێت، شێخ ئەحمەد مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ چەند پێشمەرگە دەنرێت بۆ ئەوەی داكۆكی لە ئەرمەنەكان بكات، سەرۆك مسعود بارزانی ئەم ڕووداوەی گێڕاوەتەوە كاتێك جەنابی مستەفا بارزانی لە ئەمریكا دەبێت بۆ سەردانیكردنی پزیشك بۆ هەندێك كاری تایبەتیان دەچنە سۆپەرماكێتێك، پیاو و ئافرەتێك دەچنە لایان پرسیاری جەنابی مستەفا بارزانی دەكەن، كاتێك دڵنیا دەبن ئەوە جەنابیانە، ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ دەكەن و پێی دەڵێن ئێمە ئەرمەنین نەوەی (ئەندرانیكین)، كاتی خۆی باپیرمان زۆر باسی پیاوچاكی و مەردایەتیی ئێوەی بۆ كردووین، كە چۆن بەرگریتان لە ئەرمەنەكان كردووە و ڕزگارتان كردوون، بۆیە ڕاستەوخۆ تۆمان ناسییەوە و دەمانەوێت لە دڵەوە سوپاست بكەین.

مستەفا بارزانی لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا، هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێكی، بێ جیاوازی لە ژێر یەك ئالا و یەك سەركردایەتیدا كۆكردنەوە، بەردەوام بەرگری لە مافەكانیان دەكرد، ئەمەش وای كرد بە یەكەوە ژیان لە دروشمەوە ببێتە كردار، موسڵمانێك و كریستیانێك و ئێزدییەك لە یەك سەنگەردا كۆببنەوە و پێكەوە خوێن ببەخشن لە پێناوی ئازادیی كوردستان، كە شەهیدان (هورمز ملك چەكو، حاجی خدرخرمە، مەحموود ئێزدی، ئادەم قەیسەر، مارگرێت، ئەلیاس یۆنان گلیانە و میخائیل بنیامین شاهین) دیارترین نموونەی ئەم ڕاستییەن، جگە لەوەی چەند پاسەوانێكی تایبەتی خۆیشی تەنها لە ئایینێك نەبوون...

مستەفا بارزانی لە ڕێككەوتنامەی (11)ی ئاداری1970 مافی پێكهاتەكانی چەسپاند، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای ئەو كاتی عێراق ڕێگا پێ نەدراو بوو، جگە لە موسڵمان هیچ باوەڕدارێكی دی ببێتە (قایمقام)، بەلام پێداگری و سووربوونی مستەفا بارزانی وای كرد، ڕەحمەتی (فرەنسۆ هەریری) كە بە ئایین كریستیان بوو، بكرێتە یەكەمین قایمقامی قەزای چۆمان، هەروەها لە دروستكردنی شوێنی خواپەرستی بۆ باوەڕدارانی ئایینەكان جیاوازی نەدەكرد لەنێوان هیچ ئایین و ئایینزا جیاوازەكان و هاوكاریی هەمووانی دەكرد...

ئەم ڕێگە و ڕێبازە ڕاستەی مستەفا بارزانی بۆ كوردستانیانی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مرۆڤ و پێكەوەژیان نەخشەڕێژی كرد، ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی وەك هێمای لێبوردەیی و بەیەكەوە ژیان لە كوردستاندا بەردەوامی بەم بنەمایانە دەدات، هەمیشە ڕێزگرتن لە فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی ستراتیژیەتی كاركردنی بووە، ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكان، بە جۆرێك هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە، كە پێویستە سەرجەم پێكهاتەكان ئازادانە ئەركەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و، مافەكانیان جێگیر و پارێزراو بێت، بۆیەش لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی بەڕێزیانسەرەڕای بوونی جیاوازی لە ئایین و نەتەوە، كەچی كوردستان بووەتە لانەی‌ بەیەكەوە ژیانی ئاشتییانەی سەرجەم ئایین و نەتەوە و ئایینزاكان، ئەمەش جوانییەكی زیاتری بەخشیوەتە كوردستان و بووەتە فاكتەری سەرەكیی بەردەوامیی ژیان لە نێوان پێكهاتەكان، بە دڵنیاییەوە ئەمەش وای كردووە، مستەفا بارزانی وەك ڕێبەرێك بۆ هەتا هەتایە ناوی بە زیندوویی لە هزری كوردستانیان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بمێنێتەوە، بێگومان گەورەترین سەروەتی نەبڕاوەیە...





ئەم هەواڵە 2578جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad