English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
پارتی و بارزانی پێشه‌نگ له‌ دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن
2023-02-25 [11:21 AM]

نوسینی:رێبوار حه‌مه‌لاو شوانی


پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو حیزبە كوردپەوەر و  دیموكراسیخوازەیە كە بناغەدانەرەكەی مستەفا بارزانییە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو دەگات بە ئەمڕۆ، باوەڕی تەواوی بە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەبووە و بەردەوامیش لەو پێناوەدا قوربانیی داوە و تێكۆشاوە.پارتی و سەركردایەتییەكەی ، بە كردەوەش هەنگاوی بۆ ئەو مەبەستە ناوە، چونكە باوەڕی پتەوی بە جەماوەر و بە خۆیشی، وایكردووە كە هیچ كات ترسی نەبێت لەوەی گەلەكەی چ بڕیارێك دەدات، چونكە هەمیشە ئاڵاهەڵگر و بەدیهێنەری دیموكراسییە لەو بەشەی كوردستاندا كە بە هەرێمی كوردستان ناسراوە .
گەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە لە سەر بیروباوەری تەواویی پارتی بە دیموكراسی و هەڵبژاردن بكەین  بەو بڕوایەی كە ڕای جەماوەر بۆ پارتی چەندە جێگەی بایەخ و گرنگە، ئەوا ووتارە  مێژووییەكەی سەرۆك مسعود بارزانی باشترین نموونەیە كاتێك  كە لە بەهاری 1991 لە شاری كۆیە پێشكەشی جەماوەری كوردستان و ڕاگشتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی  كرد، یەكەم سەركردەی گەلی كورد بوو كە ڕایگەیاند: "پێویستە هەرچی زووە هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدرێت و میللەت چ بڕیارێك بدات، پێیەوە پابەند دەبین".
چونكە  پارتی  باش خوێندنەوەی بۆ رووداو و پێشهاتەكانی دەوروبەری هەیە و باش دەزانێ كە هەڵبژاردن پێگەی قەوارەی كوردستان بەهێزتر و پیلانگێرییەكانیش تێكدەشكێنێت.هەروەها ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پارتی لە هیچ كات و سەردەمێكدا، لە ئیرادە و ڕای میللەت نەترساوە، چونكە بە حەقی زانیووە و ئەو حەقەیشی بە ڕەوا داناوە، پێچەوانەی هەندێك حزب كە تەنیا بە قسە لەگەڵ ڕای میللەتن و، بە كردەوە دژی ئەو ڕایەن و بە میللەتی ڕەوا نابینن كە بڕیار لە پرسە چارەنووسسازەكان بدات و ترسیان هەیە لەو بارەیەوە.
حیزبەكانی كوردستان هەمیشە لە پێناو دژایەتیكردنی دیموكراسی و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن پاساویی بێ بنەما دێنەوە ، چونكە ئەوان لە بنەڕەتدا حەز دەكەن كوردستان بە سیمایەكی نادیموكراسیی پیشانی ناوچەكە و دوونیا بدەن لە كاتێكدا خاوەن هیچ سەنگ و پێگەیەك نین ،بە فیت و فەرمانی نەیارانی ئەم گەل و نیشتمان كار بۆ لێدانی پێگە و شوناسی كوردستان دەكەن ،ئەو لایەنانەی خۆیان بە ئاڵاهەڵگری دیموكراسی دەزانی و سەری زمان و بنی زمانیان بانگەشەیە بۆ دیموكراسی، هەر ئەوان بوون دژی ئەو هەوڵەی پارتی وەستانەوە و ڕای پەرلەمانتارانیان پێ گرینگتر بوو لە ڕای میللەت، لە كاتێكدا گەل ئەوانی هەڵبژاردووە و فەرامۆشیان كردبوو كە  گەلی كورد سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و قسەی یەكەم و كۆتایی لای گەلە.
ئێستاش ‌كە پارتی و بارزانی بە هەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ هەڵبژاردن  بۆ ئەمساڵ ئەنجام بدەرێت ، هەندێك لایەن بە پاساو و  بیانووی جیاواز هەوڵی تێكدانی رەوشەكە دەكەن و چونكە لە بنەڕەتدا باش دەزانن كە لە هەڵبژاردن چ ئەنجامێك بەدەست دێنن ، جگە لە پارتی كە پێداگری دەكات لەوەی دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت و پێچەوانەی ئەو لایەنانە بیر دەكاتەوە كە داوای دواخستنی دەكەن، چونكە پارتی پێی وایە ئەمە مافێكی یاسایی و ئاسایی خەڵكی كوردستانە و نابێت ئەو مافەیان لێ زەوت بكرێت و نابێت كۆسپ لە بەردەمیاندا دروست بكرێ.
بەڵام ئەو لایەنانەی كە بەردەوام پاساو كۆسپ دروست دەكەن ، ترسیان لێ نیشتووە چونكە كردەوەكانیان وایان رووبەڕووی سزایی توندیان دەكاتەوە چونكە لە ڕابردوودا زۆریان بەڵێنیان بە خەڵك دا و نەیانتوانی بەڵێنەكانیان بەرنە سەر و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ دەنگدەرانی خۆیشیاندا، هەر بۆیە ترسیان لێ نیشتووە كە لەسەر سندووقی دەنگدان تۆڵەیان لێ بكرێتەوە، لەبەر ئەوەشە هەر ڕۆژەو بە بیانوویەك داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن.بۆیە، ئەوە دەرخەری ئەو راستییە و جیاوازیی پارتی و ئەو لایەنانە ئەوەیە، كە پارتی هەمیشە پێیوایە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە و پێویستە ئەو بڕیار بدات و سندووقی دەنگدان بریاری یەكلاكەرەوە دەدات ، بەڵام لایەنەكانی تر خۆیان لەو ڕاستییە دەشاڕنەوە و پێیانوایە كە دەبێت لەگەڵ زرووف و بارودۆخی خۆیان بڕیار بدەن و هەر كاتێك ئەوان پێیان باش بوو، ئەوكات میللەت بڕیار بدات!؟
هەر بۆیە، گەڕانەوە لە هەر‌ بارودۆخێكدا بۆ ڕای میللەت، بە لای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پێویستییەكی حەتمییە و دەبێت ڕێزی لێ بگیردرێت و نابێت لە هیچ كاتێكدا پێشێلی ئەو مافەی هاووڵاتیان بكرێ، لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا.دواتر ئەوەی لە هەڵوێستی هەندێك حیزب ولایەنی لە نێوكوردستان دەبینرێت ئەوەندەی لەخەمی لاوازكردنی پێگەی هەرێمن ئەوەندە لە خەمی بەهێزكردنی پێگەی دیموكراسی  و ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین  و داهاتووش گەواهیدەری ئەو راستییە..





ئەم هەواڵە 2302جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad