English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
لەپەراوێزی کارەساتی یەکی شوبات یادێکی وەفاداری بۆ شەهید مەلا عبدالله پەلپیتانی
2023-02-01 [07:36 AM]

نوسینی: مەلا عبدالله شێرکاوەیی



تیرۆر وەک دەستێکی ڕەش هیچ کات جیاوازی بەکەس نەکردووە نە موسڵمان نە غەیرە موسڵمان، ئامانجی پێکانی مەبەستە شوومەکانی خۆی و تێکدانی ئارامی کۆمەڵگەو دروستکردنی بەربەست بووە لەبەردەم پێشکەوتن و هەنگاوە ستراتیژییەکانی شارستانیەت و مرۆڤایەتی، کوردستان و گەلی کورد هەمیشە قوربانی ئەو دەستە شووم و رەشە بووە، کە دوژمنان ویستویانە لەرێی تیرۆرەوە زەبری کوشندەی لێ بوەشێنن. 
زانایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاکانی میللەتەکەیان بوونەتە قوربانی دەستی تیرۆرو تا ئێستا چەندین زاناو کەسایەتی ئایینی لەو رێیەوە شەهید بوون، کە یەکێک لەوان شەهید مەلا عبدالله پەلپیتانیە.
شەهید مامۆستا مەلا عبدالله پەلپیتانی یەکێک لە زاناو کەسایەتیە هەڵکەوتووەکانی هەولێرو کوردستان، کە هەموو ژیانی بۆ خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانان تەرخان کردبوو، بەردەوام بە دەستێک خزمەتی مزگەوت و مینبەرو گەیاندنی پەیامی دروست و رەسەنی ئیسلامپەوەری و بەدەستەکەی تر خەمخۆری بۆ پرسی نەتەوەپەروەری و نیشتمان دۆستی.
لە ئاوێتەی ئەم دوو هەستە بەرزەوە هەموو هەوڵەکانی بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگەو بەرپاکردنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی گرفت و ئاریشەکان بوو، تەنانەت زۆربەی کات لەمزگەوتی سپی کە یەکێکە لە مزگەوتە دیارو تایبەتەکانی توڕاسی دینداری لە پایتەختی کوردستان، لەخزمەت خەڵک و هاوڵاتیان کاتی بەسەر دەبرد.
مامۆستای رەحمەتی مودەریسێکی خەمخۆرو سەرقافڵەی چرای زانست و حوجرەو مەدەرەسە بوو، لەرووی پێگەیاندنی نەوەو رۆڵەکانی گەلی کورد هەموو قوربانیەکی بەخۆی دەداو ببووە مۆمی رووناککرەوەی ژیانی زۆرێک لەوانەی پەیڕەوی رێبازی زانست و رێبواری کاروانی مێزەر بەسەرانی کوردستانەوە.
هەمیشە پەیامی میانڕەوی و فکرو عەقڵ و دڵی بەمەیلی پیشاندان و دەرخستنی گەورەیی ئیسلام لێدەداو بووە سەداو دەنگێکی زوڵال لە بڵندگۆی مزگەوت و نەشئەو نەسیمی رۆح و عیرفانی بەسەر دەوروبەر دەرازاندەوە.
دەکرێ بڵێین مامۆستاى رەحمەتى پێشينەیەكى زۆر چاك و باشى هەبووه لەبلاوكردنەوەى ئاينى پيرۆزى ئيسلام و پيگەياندنى سەدان فةقێ و وانه وتنەوه له قوتابخانەى ئاينى و حوجرەو بەرێوەبردنى كاروبارى موسلمانان و چارەسەركردنى سەدان كيشەى كۆمەلايەتى و بەهانا هاتنى هەژاران و كەم دەرامەتان.
نۆزدە ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تیرۆریستان و دوژمنانی گەلی کورد و کوردستان، وەک هەمیشە بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی و ئاینی لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا لە ۱/شوبات/۲٠٠٤، پەنایان بردە بەر کردەوەیەکی قێزەون، لەو کاتەی هەمووان بە گیانی لێبووردەیی جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر دەکردو گەردن ئازادییان لە یەکتر دەخواست، دەستی رەشی نەگریسی تیرۆریستان و دوژمنان لە ھەولێری پایتەخت دوو کردەوەی تیرۆریستییان لە پایتەختی كوردستان ئەنجام دا، لەو رووداوە خوێناوییەدا پۆلێك لە خەباتکارو نیشتمانپەروەرو کەسوکاری شەهید و منداڵ تێیدا شەهیدبوون و گەیشتنە کاروانی سەربەرزی نەمران.
مامۆستای رەحمەتی یەکێک بوو لەو قوربانیانەی بەدەستی رەشی تیرۆر شەهید کرا، کە بەم کارەساتەوە بۆشایی و کەلێکی گەورەی لەنێو کۆڕی زانایان و زانستخوازان دروست کردو خەمی فیراقی بووە یاوەری دڵی ئەهلی عیلم و عیرفان و خەمخۆرانی شارە دیندارەکەی هەولێری منارەو مزگەوتەوە.
لە ساڵیادی شەهیدکردنی مامۆستا مەلا عبدالله پەلپیتانی دروود بۆ گیانی ئەو زاتە دەنێرین و مایەی شانازی و سەبەرزییەکی زۆرە، کە هەمیشە زانایان لە کوردستان خەمخۆرو ئەمەکداری دین و ژینی گەلەکەیان بوونەو وەک مۆم بۆخۆیان سووتاون و رووناکیان بەخشیوەتە دەوروبەر.
سڵاوو و دروود بۆ گیانی ماندوونەناسی مامۆستای رەحمەتی و سەرجەم شەهیدانی یەکێتی زانایان و کوردستانی ئازیزەوە. خوای میهرەبان رۆحی بەرزە فڕیان بە فیردەوسی ئەعلا شاد بکات.





ئەم هەواڵە 3307جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad