|
نەوزاد محەمەد لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان و بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا، دەبینین ژمارەیەکی زۆر کارگەیان هەیە، لە تەواوی سیکتەرەکان و بوارەکانی پیشەسازی کارگەی بەرهەم هێنانی تایبەت هەن، لە وڵاتانی خۆیاندا لە %٩٠ پێویستیان بە هاوردە کردنی بەرهەمی بیانی نیە، بە بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی خۆیان تێر بوونی بازاری ناوخۆییان مسۆگەر کردووە و بەڵکو بەرهەمەکانی خۆیان هەناردەی دەرەوەش دەکەن. لە لایەکی ترەوە کە زۆر گرنگە، ژماەیەکی زۆری دەستی کار لەو کارگانە کار دەکەن، پسپۆری و شارەزایی باشیان وەرگرتووە لە بواری کارگە و وەبەرهێنان، کە ئەوەش سەرمایەکی ترە بۆ وڵاتەکانیان. بابەتی دەستی کار و ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە وڵاتاندا، بەشێکە لە بناغەی ئابوری و ئاسایشی خۆراک و هێزێک بە ئاسایشی نەتەوەیی دەبەخشێت و هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتیشە. ئەم جۆرە وڵاتانە نازناوی وڵاتە پیشەیازیەکان یان وەرگرتووە، لەبەر ئەوەی خاوەن ژێرخانێکی گەورەی وەبەرهێنان و هێزی کارن، نەک تەنها دەتوانن پێداویستی ناوخۆیی خۆیان دابین بکەن، بەڵکو دەتوانن داخوازیەکانی وڵاتانی تریش دابین بکەن. هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری بەهێز کردنی کەرتی وەبەڕهێنان و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ژیرانە و زۆر گرنگە، بە تایبەت لە بواری گشت وکال و ئاژەلداری و کارگە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنان لەو چوارچێویەدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ خاڵێک لەبەر چاو بگیرێت، ئەویش دەبێت دەستی پێویستی کاری بۆ دابین بکرێت و پسپۆری لەو بوارەدا زیاد بکرێت. مەرج نیە قوتابیانی هەرێمی کوردستان هەموویان دەبێت بچنە زانکۆ و ببنە خاوەن بڕوانانەی گەورە، یان هەموویان دەبێت بینە دکتۆر و ئەندازیار و دادوەر، بەڵکو کەرتی پیشەسازی پێویستی زیاتری بە دەستی کار و پسپۆری یە. بۆیە زۆر پێویستە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵە لەبەرچاو بگریت و ئەو ژێر زەمینە بروخسێنیت کە بە شێوەیەکی ئەکادیمی کەسانی پسپۆر لە بواری کەرتی وەبەرهێنان و کارگەکان ئامادە بکات، بۆ نمونە گرنگی بە ئامادەییەکانی پیشسازی بدرێت، هەروەها دەتوانرێت سوود لە ئەزمونی وڵاتانی رۆژئاوا وەبگیرێت لە شێوازی چۆنیەتی ئامادە کردنی ئەم چینە بە شێوازێکی زاسنتی و ئەکادیمیانە کە بتوانن بە تەواوی سەرپەرشتی کار بکەن و کارگەیەک بەڕێوە ببەن. ئەم چینە، هێزێکی پیشەسازی و ئابوری گرنگ و بەردەوامە، هیواخوازین ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستانیش ببینە خاوەن ئەو هێزە ئابوری یە و پشت بە خۆمان ببەستین، لە داهاتوودا نە پێویستیمان بە دەستی کارو و پسپۆرانی بیانی هەبێت و نە پێویستیمان بە هاوردە کردنی خۆراک و کەل و پەل هەبێت
ئەم هەواڵە 4759جار خوێندراوەتەوە |