ZNA - ههولێر
نەوزاد محەمەد
وەکو هەموومان دەزانین، پارتیمان، پارتی پێشەنگ، پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە لە ئاستی بەرپرسارەتی نەتەوەیی و سیاسی دا بووە، لە تەواوی قۆناغ و پێشهات و گۆڕانکاریەکان دا توانیویەتی زۆر حەکیمانە و واقع بینانە سیاسەت و بەرنامەی خۆی دابرێژێت و خۆی ئامادە بکات، بەردەوامیش بەرژەوەندی گەلی کورد و بەرگری کردن لە مافە ڕەواکانی لە سەرووی پڕەنسیبەکان بووە.
پارتیمان، دوای تەمەنێکی پر سەروەری لە خەبات و قوربانیدان و بەرگری کردن لە ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد، وا هەنگاو دەنێت بەرەو بەستنی کۆنگرەی ١٤ مینی، کە ئەوەش سەروەری و شانازیەکی گەورەیە بۆ هەموومان.
هەموومان هیوای ئەوە دەخوازین کە ئەم کۆنگرەیە جیاواز بێت، نمونە و سەرکووتوو و پڕ بەرهەم بێت، لە ئاست هیوا و داخوازیەکانی رێژەی هەرە زۆری کادرە دڵسۆز و ئەندام و لایەنگر و جەماوەری بە ئەمەکی پارتی بێت، جگە لە خاڵە چارەنوسسازەکان لە رووی سیاسی و دیبلوماسی و ستراتیژیەت و پەیوەندیەکان و قۆناغی هەنوکەیی بە گشتی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتیش پێداچونەوەیەکی گشتگیر بکرێت لە تەواوی پرسەکاندا، بە تایبەت لە چەسپاندنی داد پەروەری و دیاری کردنی ماف و ئەرک و پاداشت و سزادان و پێداچونەوە بە تەواوی خاڵەکانی تری پەیوەندار بەم چوارچێوەیەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین سیستەم کە پەیرەو بگرێت، گەڕانەوەیە بۆ بنەماکانی قوتابخانەی کوردایەتی و نەتەوایەتی، کە رێباز و کەلتوری پر بهای بارزانی نەمرە، ئەم قوتابخانەیە بە بنەما جوانەکانی لە ڕامانی خزمەت و دڵسۆزی و دەست پاکی و قوربانی دان و دادپەروەری و نەتەوە و مرۆڤ بوون و هتد... خۆی دەنوێنێت، فەرە بکرێتە بیڤەری ڕاستەقینە لە بونیادنانەوەو داڕشتنەوەی پڕەنسیبەکانی پارتایەتی.
بە گەڕانەوە بۆ ئەم کەلتور و رێبازە پیرۆزە، دەتوانین لەوە پشت ڕاست بین، کە روحیەت و هێزێکی نوێ بە کاری پارتایەتی دەبەخشێت، دادپەروەری دەچەسپێت و زیاتر دەرگاکانی خزمەت کرن بۆ دڵسۆز و لێهاتو و خاوەن تواناکان دەکرێتەوە، غەدر و ناحەقی و گەندەڵی و ئیفرازاتەکانی بن بڕ دەبن و چیتر جێگایان نابێتەوە،
باوەڕیشم بەوە هەیە کە بەم هەنگاوە، پارتیمان دەبێتە خاوەن هێزێکی جیاواز، چونکە رێژەی هەرە زۆری دڵسۆز و لێهاتوو و خاوەن تواناکان چاوەڕێی ئەو دادپەروەریەن تا دەرفەتی خۆیان وەربگرن لە خزمەت کردن، ئەوکات خوێنێکی نوێ و هێز و توانایەکی ڕادەبەدەر بە دی دەکرێت.
لێرەشەوە پیرۆزبایەکی گەرم لە تەواوی ئەو هەڤاڵانە دەکەین، کە شەرەفی ئەندامەتی کۆنگرەی ١٤ یان بە دەست هێناوە و ئەوانەی فە ماوەی داهاتوو بە دەستی دەهێنن.
وە داوایان لێ دەکەین، بابەتی گەڕانەوە بۆ کەلتور و رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، بخەنە ناو بەرنامەی کاریان و بە جدی هەوڵی بۆ بدەن لە چەسپاندنی بنەماکانی لە ناو پڕەنسیبەکانی کاری پارتایەتی و پەیڕەو و پڕۆگرام دا.
سەرکەوتن و سەرفیرازی بۆ پارتیمان، پارتی پێشەنگ، پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەم هەواڵە 1570جار خوێندراوەتەوە |