|
(لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شاژن ئەلیزابێسی دووەمدا)
ئاوات مستەفا
چالاکی سیاسی و مرۆیی، ماستەر لە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی - زانکۆی نیوکاستل
بانگهێشتنامە بۆ بەشداریکردنی سەرکردەکانی وڵاتانی دەرەوەی دامەزراوەی کۆمۆنوێلز زۆر بە وردی و بە وریاییەوە لە لایەن حکوومەتی بەریتانیا، کە سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی پاشایەتیی بەریتانیا سەرپەرشتیان کردووە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی داهاتووی بەریتانیا بە ئاراستەی جیهان، باشتر ڕوون دەکاتەوە. هاوکات جارێکی تر پێناسەی دۆست و هاوپەیمان و هاوبەشیی بەرامبەر بە نادۆست و نەیار و بەرهەڵستکار داڕشتەوە و ئەم بۆنەیە بە جیهانی وت کە کێ جێی بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و کێ لای ڕۆژئاوا خاوەن شکۆ و شایستەی ڕێزە.
لە سەرەتای مێژووی بەریتانیا هەتا ئەمڕۆ، هیچ شا یان شاژنێک بەقەد شاژنی کۆچککردوو ئەلیزابێسی دووەم نەیتوانی لەسەر تەختی پاشایەتی لە لووتکەی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. حەفتا ساڵ تەمەنی دەسەڵاتی شاژن، زەمەنێکی زۆر و مێژووێکی دوورە بۆ مانەوە لە دەسەڵات. ئەم زەمەنە درێژەی پاشایەتی لە سەردەمێکدا ڕووی دا کە دنیا بەگشتی و بەریتانیا بە تایبەتی بە قۆناغی گەورەترین گۆڕانکاریدا گوزەری کرد، کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، سەر لە نوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی جیهان، کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا و چەندین ڕووداوی گرنگی تر، وەک لە دایکبونی یەکێتیی ئەوڕوپا، بڵاوکردنەوەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، گەورەبونی لیستی ئەندامییەتی لە نەتەوەیەکگرتوەکان، سەرەتای ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانیی ڕۆژئاوا، شەڕی ئێرلاندای باکوور و ئاشتی لەم دوورگەیە، چوونە ناوەوی بەریتانیا بۆ نێو یەکێتیی ئەوڕوپا و هاتنە دەرەوی. ئەمانە و چەندین ڕووداوی گرنگی تری جیهانی وایان کرد کە شاژنی کۆچکردوو وەک لاپەڕە سەرەتاییەکانی مێژووی جیهانی نوێ دەربکەوێت.
بێگومان مردنی ئەم کاریزما بەهێز و پڕ ئەزموونە دیسان مێژووێکە بۆ خۆی، بەجۆرێک کە هەموو سەرکردە و کاریزما دیارەکانی دنیا خواستیان هەبوو ئەگەر لە گۆشەیەکی بچووکی لاپەڕەکانی دەفتەری ئەم مێژووەش بێت، بەشێکێان بەر کەوێت، بەڵام دیارە مێژوو تەنیا بە خواست و ئارەزووی کەسەکان تۆمار ناکرێت، بەڵکوو سیاسەت، گرنگیی جیۆپۆلەتیک، ئەتەکێت، هاوبەشی لە بەرژەوەندییەکان و پێگە و هەژموونی وڵات و سەرکردەکانی، فاکتەری سەرەکین بۆ بوون بەشێک لەم بۆنە مێژووییە.
لەم گۆشەنیگایەوە، ئەوەی کە هەم جێیی خۆشحاڵی وشانازیییە، هەمیش جێی تێڕامانی کوردستانیان و بگرە جیهانیش بوو، بانگهێشتنامەی فەرمیی حکوومەتی بەریتانیا بوو بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان و سەرکرادیەتیی سیاسیی کوردستان بەشداریی بۆنەی بەخاک سپاردنی شاژنی کرد. دیارە ئەم بەشدارییە تەنیا هەڵگری پەیامێکی سیمبۆلیک نەبوو، بەڵکوو پەیامێکی گرنگی سیاسیی ئاراستە کراو بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەروەها لەسەر ئاستی عیراق و کوردستانیش هەڵگری پەیامێکی کۆمەڵایەتیی ئاراستە کراو بوو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەشێکی گرنگ و زیندووی جیهانی نوێن.
دیارە ناکرێت کورد سیاسەتی بەریتانیا لە ڕابردوو لەبیر بکات، بەتایبەتی ڕووخاندنی حکوومەتی شێخ مەحموود و هێرشی ناڕەوای بەریتانیا بۆ سەر شۆڕشی بارزان لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەڵام ناشکرێت ئەوەمان لە بیر نەبێت کە کەمتر لە ساڵێک، دوو سەرکردەی کورد کە هەردووکیان نەوەی باوکی شۆڕشی کورد (مەلا مستەفای بارزانی)ن، بە فەرمی و لە سێ بۆنەی جیاوازدا بانگهێشتی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کراون. لە بەهاری ئەمساڵدا سەرۆکی حکوومەت بەڕێز مەسروور بارزانی بە فەرمی سەردانی بەریتانیای کرد و پێش ئەویش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سەردانی بەریتانیان کرد بوو. دیارە ئەم سەردانانە سەرەتای دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێن لە مێژووی کورد و بەریتانیا و ئاماژە ئەرێنییەکانی ئەم سەردان و پەیوەندیانەش، لە بەشداریی سەرۆکی هەرێم لەم بۆنە مێژووییەدا زیاتر دەرکەوتن.
لەدوای بەشداریی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە ڕێوڕەسمەکەدا، بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی بەریتانییەکان، پەیوەندیم بە دوو چاودێری سیاسیی بەریتانی کرد، کە بە ڕواڵەت دۆستی عەرەب و هاوسۆز و شەیدای کولتووری ئێرانن. هەردووکیان پێیانوابوو بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە بەشداریکردنی بەشێک لە سەرۆکەکانی ئەندام لە وڵاتانی کۆمۆنوێلز گرنگتر نەبووبێت، ئەوا بێگومان کەمتر نییە. دیارە ئەم تێڕوانینەی چاودێرانی سیاسیی بەریتانی تەنیا بۆ موجامەلەکردنی کورد نییە، بەڵکوو ئەوان لە ڕوانگەی سیاسەتی ڕیالیزمی بەریتانیا بەرامبەر بە ناوچەکە بەگشتی و کورد بەتایبەتی، وێنە گەورەکە دەبینن و لەسەر بنەمای ئەمری واقیع و گرنگیی سەرکرادیەتیی سیاسی کوردستان ئەم خوێندنەوەیەیان بۆ بەشداریی کورد لەم بۆنەیەدا هەیە.
بێگومان بەریتانیا بەم بۆنەیە قەبارەی بەهێزی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دنیا نمایش کرد و بە دنیای گوت کە جیهان لەگەڵ ئێمەیە، کەواتە هەمان تێگەیشتن بۆ کوردستانیاش دروستە، کە بێگومان ئەمە نیشاندەری پێویستی، کارایی، کاریگەری، هەیبەت و هەژموونی کوردە لە ناوچەکەدا.
ئەم هەواڵە 4810جار خوێندراوەتەوە |