پارتەكەتان، پارتی تێكۆشان و خەبات و جیهادە، پارتی سەنگەری ئارامگرتن و داكۆكیكردن و شۆڕش و سەركەوتنەكانە، پێشتریش و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە ئێوەوە پارتی هەر بە دەستكەوتەكان و پێشكەوتن و گەشانەوە دەمێنێتەوە، مایەی شانازییە بۆ پیاوان و ئافرەتان و لاوان و پیر و منداڵان، كە بە درێژایی تەمەنی ئەو پارتە و تەمەنی بزووتنەوەكانی خەباتمان، یەك ڕێباز كۆی كردووینەتەوە، لەو سەردەمەیدا كە باب و باپیرانمان لە كۆنەوە بە وشەی ئازادیخوازی هۆشیار بوونەتەوە و خۆیان بۆ گیانفیدایی ئامادە كردووە.
گەلی ڕاستگۆ و ڕەسەنمان كە بە زامی شەڕوشۆڕ تلاوەتەوە و سیاسەتی ئەوانە ئازاری داون كە هەڵپەی تەخت و تاجی بۆش و بەتاڵ دەكەن، ئەو گەلەی كە هەموو دونیای فێری وانەكانی مكوڕبوون و پێشڕەوی و سەركەوتن كرد، گەلێكە پرۆسەكانی ئەنفال نەیانتوانی ئیرادەی كۆت و بەند بكات، چەكی كیمیاوییش هەناسەی لێ نەبڕی، پەتی سێدارەی جەلادەكانیش نەیتوانی سەریان لە جەستە بكاتەوە، لە ناو زیندانیش بە ئەشكەنجەدان خوێنی هەڵنەچۆڕا و وشكی نەكرد، كانگەی نەتەوەیی ئەو گەلە بە زەبروزەنگ و دڕندەیی داگیركەرانی خاك و ژیان نەتوایەوە.