|
نووسینی: ئاریان فەرەج لە سەروبەندی به بنبه‌ست گه‌يشتنى پرۆسەی سیاسی له عێراق و گرژبوونی لەڕادەبەدەری دۆخ و گوتاری سیاسی له كوردستاندا، سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، جه‌ژنى ره‌مه‌زانى كردە دەرفەت بۆئەوەی جارێكی دیكە پەیامە تەباییخوازەکەی بەگوێی هەموواندا بداتەوە، ئەو پەیام و دیدەی دەکرا رێ لە زۆر قەیران بگرێت و ئێستاش دەکرێت کۆی دۆخە قەیراناوییەکە و لێکەوتە و دەرهاویشتە سەختەکانی لەسەر هەموو ئاستەکان هەرچۆنێک بووە، چارەسەر و راستەڕێ بکاتەوە.
لە دیدی سه‌رۆك نێچیرڤاندا، لەم عێراقە بێ ئامان و دەستوورشكێنەدا و لە سەرینی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ناوچەکە و جیهاندا هاتووە و دێت، کورد کە جگە لە خۆی، هیچ کەس لە خەمیدا نییە، گەر هەموو هێزهكانيشى يه‌كده‌ست بن، ئەوپەڕی بتوانێت لانیكهمى مافە بەدەستهاتووەکانی بپارێزێت و لێیان كەم نەكرێتەوە، چجای ئه‌وه‌ى هه‌ر لايه‌نێكى كوردى بە تەنیا و بەبێ منەت لەوی دی، لەجیاتی بە پشتی یەكدی، بە پشتیوانیی نەیارانی یەكدی، خەریكی شكاندنى یەكدی بن!
بڕیارە ناڕەواكەی دادگەی فیدراڵی دژ بە ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵگەی قۆستنەوەی قووڵترین ناكۆكیی نێوخۆیی سیاسی و ناتەبایی کۆمەڵگەیی كورد بوو، بۆ وەشاندنی زەبرێك لە كوردستان كە 10 ساڵ بوو هەلی وەشاندنی وەكو ئێستایان بۆ نەڕەخسابوو. ئەوانەش كە له نێوخۆدا پێیانوایە زەبرەكە لە دەسەڵات وەشێندراوە نەك قەوارەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، دەبێت بزانن کە هەر بەڵایەك روو لە هەرێمی كوردستان بكات، بەر لە دەسەڵاتدار، هاووڵاتیی سادە باجه‌كه‌ى ده‌دات و هەمیشەش بەڕە لە لا تەنكەكەیەوە دەدڕێت.
روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرمانڕەوایی لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هه‌ر له سه‌ره‌تاى ئه‌م تهقسيمبهندى و رێگە جياكردنهوهيهى پارتى و يه‌كێتى له یەكدی، روانگەيهكى راشکاوانه بوو. ئەو له‌مێژه دەڵێت، واقیعی سياسيى عێراق و هەرێمی كوردستان تاوەکو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش به‌جۆرێكه کە ئەستەمە هیچ هێزێک یان بەرەیەک بتوانێت بەبێ هاوبەشیى ئه‌وانى ديكه حوكمڕانى بكات. هه‌ربۆيه له‌دواى هه‌ڵبژاردن، زۆرى جه‌خت كرده‌وه كه ده‌بێت ناڕه‌زايى ئه‌و لايه‌نه عێراقييانه له‌به‌رچاو بگيرێت كه ده‌نگيان كه‌م هێناوه. سه‌باره‌ت بە هەرێمی كوردستانيش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە سوورە له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه بەبێ پێكهوهيى، سەقامگیری نایەتەدی و نه لێره پرسی حوکمڕانی لە تەنگژە و خه‌م ده‌ڕه‌خسێت و نه له به‌غداش هيچ به هيچ ده‌كه‌ين.
له روانگه‌ى سه‌رۆک نێچيرڤاندا، كورد بۆئه‌وه‌ى له کێشمەکێشی به‌غدا پێگه‌ی بەهێزبێت، ده‌بێت یەكەمجار له نێوخۆدا هه‌بێت، ئه‌و ههبوونەش به‌بێ پێكهوهيى و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى پشتيوانيى ميللى، دەستەبەر نابێت. گه‌ر داره‌كه‌مان لێره خواربێت، سێبه‌ره‌كه‌ى نەك هەر لە بەغدا، له هه‌موو شوێنێك خوار ده‌بێت.
جاران زمانی حاڵی کورد دەیگوت: نزیكی و دووریمان لە هەر لایەنێكى عێراقى بە ئەندازەی نزیكی و دووریی ئه‌و لايهنهيه لە دانپێدانانی مافە دەستورییەکانی خەڵكی هەرێمی كوردستان. ئەو دەمە لایەنەکانی كورد سەرباری ناکۆکیی نێوانیشیان، وه‌كو پێكهاته داخڵى دانوستان ده‌بوون، نه‌ك وه‌كو ئه‌حزاب، بۆیەش هەموو هێزەکانی عێراق، کوردیان وەکو پێکهاتە دەبینی و وەکو پێکهاتە مامەڵەیان لەتەکدا دەکرد، نەک وەک ئەحزاب؛ بەڵام ئێستا و لە ئاکامی ئەو دابەشبوونە قووڵەی هێزە کوردییەکان، خه‌ريكه لە دیدی لایەنە عێراقییەکاندا، كورد له پێكهاته‌وه ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌حزاب، ئەحزابێک کە موشتەرەکاتی ناسنامە پێکهاتەییە کوردستانییەکەیان، بە سیمای خیتاب و هەڵوێستیانەوە، تاوەکو ئەندازەیەکی ئەوتۆ کاڵ بووەتەوە کە هێزه عێراقييه جیاجیاکانی هێنابێتە سەر ئەو باوەڕەی کە کاتی لە ئێستا لەبارتر شکنەبەن بۆ کەمکردنەوەی مافە بەدەستهاتووەکانی کورد و لاوازکردن و لەبەینبردنی قەوارەکەی.
بۆ ئەوان کە باوەڕیان بە ماف و شایستەکانی کورد نەبووە و لە دەرفەتی لەبەینبردنی گەڕاون، له ئێستادا خۆشحاڵن بەوەی لەجياتیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌يه‌كى يه‌كگرتوو و پێداگير و يه‌كده‌نگ، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ حیزبى جياجيا و سه‌وداى جياجيادا بكه‌ن، گرەوی ئاشکرانەکراوی ئەوان لەسەر ئەم لێكترازانەی کورد، گرەوە لەسەر تەقسیمبوونی قەزیەی کورد و کاڵبوونەوەی پێداگریی کورد لەسەر ماف و داواکارییەکانی؛ گرەوە لەسەر قۆستنەوەی دۆخی خراپ و لاواز و لێکترازاوی کورد تاوەکو تێیدا بتوانن حیزبه‌كانى كورد به ماف و ئیستیحقاقی كه‌متر قايل بكه‌ن، گرەوە لەسەر ئەوەی ئەولەویاتیان پێ بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر لەسەر کاخەزیش بێت، گه‌ر وانييه: كورد و ئه‌وله‌وياتى كورد له كوێ و تهحريمى تهتبيع له‌گه‌ڵ ئيسرائيل له كوێ!
ئەم هەواڵە 6274جار خوێندراوەتەوە |