English | عربی | Kurdî دواهەواڵ
ڕاستەوخۆ  
 
عێڕاق دەوڵەتێكی ساختە و بێ‌ شوناس و شكستخواردوو
2022-05-06 [07:52 AM]

نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی


رۆژ دوای رۆژ ڕووكەش وسیمای ساختەكەی بەناو عێراقی یەكگرتوو نهێنیەكانی ئاشكرا دەبن، عێراقی شارستانیەت، ولانكەی مرۆڤایەتی، وخاوەن بنەما سەرەتاییەكانی یاسا و پێكەوەژیان پەردە لەسەر ڕاستییەكانی هەڵدەداتەوەو ڕووە ڕاستەقینەكەی خۆی نمایش دەكات، و پێچەوانەی هەموو ئەمانە خۆی دەنوینێ‌. ئەوەی كەمێك  مێژووی عێراق بخوێنێتەوە ناتوانێت بە هیچ دەرئەنجامێك لێ دەربچێت، جگە لەوەی كە ئەو عێراقە تەنها مەڵبەندی ئاژاوەو شەڕ و كوشتارە بووەو نەیتوانیوە خاوەن ناسنامەیەكی تایبەتی خۆی بێت. 
هەروەها  بە نسبەت  شوناسە تازەكەی عێراقی دوای جەنگی جیهانی یەكەمیشە، ئەمەیان ساختەترین ناسنامە بوو بۆ عێراق، كە لەلایەن بەریتانیاوە بۆی دەرچووە. چونكە ئەم شوناسەیە بە زۆر بەسەر گەلی كورد و پێكهاتەكانی تریشەوە سەپێندرا كە لەم ناوچەیەدا ژیاون، خاكی كوردستانیش بەبێ ویستی خاوەنەكەی لكێندراوە بەم بەناو دەوڵەتە دەستكردە سەختەكەی عێراقی ئەوسا، هەر ئەمەش بوو وایكرد خەڵكی كوردستان هیچ كات شانازی بەو ناسنامەیە نەكات و خەبات بكات لە پێناو گەڕاندنەوەی ناسنامە راستەقینەكەی خۆی.
وە ئەگەر بە وردی لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بڕوانین، بە ڕوونی دیارە كە كێشەی عێراق هەر لە سەرەتاوە كێشەی بە دەوڵەتبوون بووە، بە شێوەیەك خاڵی جیاواز لە نێوان هاونیشتمانییەكانی  زۆر زیاتر بووە لە خاڵە هاوبەشەكان، چ لە سەر ئاستی نەتەوەی بێت یان لە جۆری پەیڕەوانی ئایینی و مەزهەبەوە بێت یان لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی، و ئابووری و هۆشیاری سیاسی و زانستییەوە بێت. ئەم جیاوازیانە نەبوونە خاڵی بەهێز بەقەد ئەوەی هەردەم مەترسی ڕاستەقینە بوون لەسەر بە لەرزۆك بوون و ڕووخانی ئەم دەوڵەتە ساختەیە یەكگرتووەی بەناو عێراق . ئەمەش وایكردووە دەرئەنجامی هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی ئەم ووڵاتە بە یەكپارچەیی تەنها شەڕ و دووبەرەكی و خوێن و كاولكاری بێت. چونكە كێشەی حوكمڕانی لە عێراق كێشەی دەستەڵات و خۆفەرزكردنە بەسەر خەڵكەوە، نەوەك كێشەی دەوڵەتداری، بۆیە هیچ كات رژێمێك نەیتوانیوە حوكمڕانیەكی ڕەشید بكات .
ئەوەی ئێستاش دەگوزەرێ‌ لە عێراقی دوای 2003 و لە ناوچوونی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعسی سەدامی، نموونەیەكی تازەبوو بۆ بنیاتنانی عێراقێكی نوێ  لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و یەكسانی و دادپەروەری و ئازادی و پێكەوەژیان، لە عیراقێكی فیدراڵی  یەكگرتوو بەئارەزوومەندانەی پیكهاتەكانی، كەتیایدا ماف و ئەركەكان بەیەكسانی دابەشبكرێن لە چواچێوەی دەستوورێك كە بە وویستی هەموو لایەك بنووسرێت، و جێبەجێكردنی ئەم دەستوورەش دەبێتە زامنی مانەوەی ئێراق بەیەكپارچەیی لەسەر ئاستی سەروەری، وخاك، وگەلەكەی . كە ئەمەش خەونی ڕزگاربوون، ودەربازبوون بوو لە دووبارە بینینەوەی ستەمكاری و ماڵوێرانی وكوشتار، وقەیران دوای قەیران، وجەنگ دوای جەنگی دەستەلاتداران و رژێمە یەك بە دوا یەكەكانی عێراق .بەڵام ئەم خەونە ئەوەندی نەبرد جارێكی تر مۆتەكەی شەڕی تائیفی سەری هەڵدایەوە وكوشتن لە سەر  ناسنامەی تایفی و مەزهەبی و نەتەوەیی بەرچاوترین سەردێر و مانشێتی ڕۆژنامەو میدیا ناوەخۆیی وجیهانیەكان بوو . بەناو دەوڵەتی عێراق وحوكمڕانی شیعە عێراقیان بەرەو دەوڵەتێكی مەزهەبی پەلكێش كرد، وپێكهاتەكانی تریان لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە پەڕاوێزخست ، درێژەی بە دیكتاتۆر و خۆسەپاندن وتاكڕەوی یەك سەدە درا.
كێشەی كوردیش لە باشوور  عێراق بەتایبەتی و لە پارچەكانی تریش بە گشتی، كێشەی نەتەوەیەكە، كێشەی كوردستانیش كێشەی خاك و ژیان و شۆرشێكە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی ودەوڵەتبوونە، كێشەی ئیرادەی خەڵكانێكە لە پێناو بوون و بۆ ناسنامە تیكۆشاون، كێشەی خەڵكانێكە كە باوەڕیان بە پێكەوەژیان و مرۆڤایەتی هەیە، ئیرادەی ئازادیخوازانەیە، ئەم ئیرادەیەش لە ئیرادەی شۆڤێنی و دیكتاتۆرە مەزهەبی و تایفییەكان و دژە كوردەكان زۆر گەورەترە  و ئەو دەوڵەتە ساختەی بێ‌ ناسنامەی ودیكتاتۆرە هەر دەبێ‌ هەڵوەشێتەوە .





ئەم هەواڵە 6145جار خوێندراوەتەوە
 
 
ڤیدیۆ گەلەری
گۆلچی هامبۆرگ گۆلێكی ده‌گمه‌ن له‌ خۆی ده‌كات
گۆڵێكی سه‌یر له‌لایه‌ن گۆڵچیه‌وه‌
گڕكانی مایۆن له‌ فلپین
ئه‌سپێك ره‌دووی ئه‌مبولانسێك ده‌كه‌وێت كه‌ برایه‌كه‌ی له‌ناودایه‌
لە شەقامێکی قەرەباڵغ منداڵێک لە سندوقی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە خوارەوە
 
 

پێناسە | گەلەری | ئەرشیف | پەیوەندی

پێبژاردنی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر | دهۆک | سلێمانی

هەموو مافەکان پارێزراون بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

Developed By: Omed Sherzad