|
نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە سەر بنەمایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی دامەزراوە و نزیكەی شەش دەیە ، لەو پێناوەدا نەك لە هیچ ئامانج و ویست و داخوازێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پاشەكشەی نەكردووە، بگرە رۆژ بە رۆژ پێداگرتر بووە. هەر ئەوەش وای كردووە، وڵاتانی هەرێمی و بە عێراقیشەوە وێڕای ئەوەی بە ئاشكرا و نهێنی دژایەتیی بكەن و دەستە و تاقم و گرووپی بەگژدا بكەن، بەڵام لە هەمان كاتیشدا زیاتر لە هەموو حیزبێكی كوردستانی حیسابی لەسەر دەكەن.
لە دوێنی و ئەمرٍۆی عێراق و ناوچەكەدا ئەو هێزەی كە لە نێوخۆی عێراق و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا وەك هێزێكی كاریگەر حیسابی لەسەر دەكرێت، هەر پارتییە، چونكە پارتی هێڵەگشتییەكانی سیاسەتی خۆی بە تۆكمەیی داڕشتووە و سیاسەتێكی روون و ئاشكرای نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە و پشتی بە 76ساڵ خەبات و تێكۆشان بەهێزە.
زۆرجاریش سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هێز و تاقم و گرووپە جیاجیاكانی عێراق كە پەلاماری پارتی دەدەن و وەك هێزی دابەشكردنی عێراق ناوی دێنن و بەڵام هەر ئەو گرووپ و لایەنانە دواجار ناچار دەبن بێنەوە سەر سفرەی پارتی، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەكەوە هێزێكی یەكدەستە و ئەوان دەزانن لە دانوستانەكانیاندا رووی قسەیان لە كێ بكەن، ئیتر لەو هەل و دەرفەتانەشدایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی مكووڕتر لە جاران پێ لەسەر ماف و داوا رەواكانی نەتەوە و نیشتمانەكەی دادەگرێتەوە.
ئەوەی پارتی بۆ نیشتمان و نەتەوەی خۆی دەیكات، نە هاوار و شاتەشاتی بانگەشە و ریكلامە و نە خۆڕانان و خۆشیرینكردنە، بەڵكو لە بیروباوەڕێكەوە هەڵدەقوڵێ كە ئەو حزبەی لەسەر بنیات نراوە.
پارتی هەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی كوردستانە، هەڵگری بەرپرسیارەتییەكی مێژوویی كە نەك هەر عەرەبی عێراق، بگرە فارس و تورك ترسی گەورەیان لێ هەیە .
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی یەكەمی هەرَیمی كوردستانە و لە رابردوو و ئێستا خاون سەروەری و مێژوویی پرشانازیی گەورەیە و سەرپەرشتیی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كردوو و ئەوەش وایكردووە هەردەم جێگەی متمانە بێت لە نێو جەماوەری كوردستان و بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكانیشدا هەمیشە یەكەمە، بۆیە چاوی نەیارانی چووەتە سەر، بەتایبەت ئەوانەی نەیاری پارتین وەك دراوسێكان و ناوخۆیش، هەموان دەزانن پارتی خیتابی نەتەوەیی هەیە، جیا لەوەش سیاسەت دەكات، رابەرایەتیی دۆزێكی رەوای نەتەوەیی دەكات، بەڵام نەیارانی لە پالًشتی وڵاتانی ئیقلیمی و لە پێناو شاردنەوەی هەڵە و خیانەتكارییەكانیان و وەك بانگەشەی پێشوەختە ، چەواشەكاری و پەڵاماری پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی كوردستان دەدەن ، لەكاتێكدا ، ئەو لایەنانە لە نیزكەوە بەشدار و هاوبەشن لە نێو حكومەت و لەوەلاشەوە وەك پیشەی هەردەمیان لە سەر دوو پەت یاری دەكەن و بەخەیاڵی خۆیان ئەو هەوڵە نەزۆكانە بەڵلكو بتوانێت لە چیایی سەركێش و پۆڵایینی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەون و خەونی نەیارانی كورد بۆ ناسەقامگیری و بێ هێزكردنی هەرێمی كوردستان هیچ كات نایەتەدی ..
ئەم هەواڵە 7339جار خوێندراوەتەوە |