|
نوسینی : دانا عبدالعزیز بەرزبونەوەی نرخی ڕۆنی زەیت لە بازاڕدا قەیرانێکی جیھانییە و لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھاندا کێشەی کەمی ڕۆن سەر ھەڵداوە و تەنھا بازاڕەکانی کوردستانی نەگرتۆتەوە،ئەمەش لە ئەنجامی کەمی ڕێژەی پێویستی ڕۆنی زەیت لە بازاردا لەگەل مانەوەی خواست بۆئەو کاڵایە وەک خۆی.
لە زانستی ئابووریدا ھاوکێشەی ( عرض و طلب) ھەیە، واتا ھاوکێشەی خواست و خستەنەڕوو.
پەیوەندیەکی پێچەوانە ھەیە لە نێوان خواست و خستنەڕو لەسەر کاڵایەکی دیاریکراودا.
واتا ھەرچەند خستنە ڕوی کاڵاکە لە بازاردا زۆر بێت نرخی کاڵاکە دادەبەزێت و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە بەمەرجی مانەوەی ھۆکارەکانی تر وەک خۆی.
لە ئێستا خستنە ڕووی ڕۆنی زەیت کەمی کردووە و بەشی پێداویستی بازاڕ ناکات بۆیە خواست لەسەر ئەوکاڵایە بەشێوەیەکی زۆر زیادی کردووە.
لێرەدا دەپرسین ھۆکارەکانی کەمبوونەوەی خستنە ڕۆنی زەیت چین ؟ بۆچی بەم شێوەیە و لەناکاو ڕۆنی زەیت لەبازارەکاندا ( بازاڕی سەرجەم ئەو وڵاتەنەی کەوا ڕۆنی زەیت لە دەرەوە ھاوردە دەکەن و پشت بەبەرھەمی ناوخۆ نابەستن) کەمی کرد؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کۆمەڵێک ھۆکاری گرنگ ھەن کە لەخوارەوە بە خاڵ ئاماژەی پێ دەدەین:
١- شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، ھۆکاری سەرەکی قەیرانی کەمی ڕۆنی زەیتە! چونکە ئەم دوو وڵاتە لە گەورەترین وڵاتانی بەرھەمھێنی ڕۆنی زەیتی گولەبەڕۆژەن لە جیھاندا، ھەروەھا دوو وڵاتی گرنگی بەرھەمھێنانی ڕۆنی گەنمەشامین.ڕوسیا لە پلەی یەکەم و ئۆکرانیا لە پلەی دووەمی بەرھەمھێنانی زەیتی گولەبەڕۆژەن لەسەر ئاستی جیھاندا.
ڕوسیا بڕی (١,٨٦٥,٤٩٨)تۆن ڕۆنی گولەبەڕۆژە و (٥٠٠٠) تۆن ڕۆنی گەنمە شامی بەرھەم دێنێت ساڵانە.
ئۆکرانیا بڕی (١,٧٦٨,٥٥٦)تۆن ڕۆنی گولەبەڕۆژە و (٧٠٠٠) تۆن ڕۆنی گەنمە شامی بەرھەم دێنێت ساڵانە.
زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەی سەرەکی پشت بە ڕۆنی ئەو دوو وڵاتە دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی خواستی نێوخۆیی، چونکە نرخەکانیان گونجاوە و بە ئاسانیش دەگات و تێچوونی گواستنەوەی کەمترە.
بەھۆی کێشەی نێوان ڕوسیا ئۆکرانیا و شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ئێستادا کارگەکانی بەرھەمھێنانی ڕۆنی زەیت لە ئۆکرانیادا پەکیان کەوتووە، وە بەرھەمی ڕۆنی ڕوسیا بەھۆی ئابلۆقەی ئابووری و فشارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کێشەی زۆری بۆ دروست بووە ھەم لە بەرھەمھێنان و ھەم لە شێوازی فرۆشتن و ناردنی بۆ دەرەوە، ئەمەش وایکردووە کەوا بڕی خراوەی ڕوی ڕۆنی زەیت لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکات لەگەل مانەوەی خواست وەک خۆی ئەمەش ئەنجامەکەی بەرزبونەوەی نرخی لێکەتۆتەوە.
٢- ھۆکاری دووەم کە کەمتر کاریگەری ھەیە لەسەر نرخی ئەم کاڵایە،قۆرخکردنی بازاڕ و شاردنەوەی کاڵاکە لەلایەن بازرگانەکان.
٣- زیادبوونی خواست لەسەر خواردەمەنییەکان بەھۆی بوونی ترس و دڵەڕواکێی خەڵک بەگشتی لە ھەڵگیرسانی جەنگێکی جیھانی.
٤- وشکەساڵی و کەم ئاوی لە ساڵانی ڕابردوو لە ھەندێ وڵاتی کشتوکاڵی و بەرھەمھێنی ڕۆنی زەیت.
٥- کۆرۆنا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو کاریگەری بەرچاوی ھەبوو لەکەمکردنەوەی بەرھەمھێنان و سست کردنەوەی کرداری بەرھەمھێنانی لەسەرجەم کەرتە ئابوورییەکانی وڵاتاندا.
لەکۆتایدا ماوەتەوە بڵێین لە ئەگەری بەردەوام بوونی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیادا پێشبینی ئەوە دەکرێت کەوا بە گشتی نرخی کەل و پەل و خواردەمەنییەکان بەرز ببێتەوە، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە بکات کەوا بە وردی چاودێری دۆخی بازاڕ بکات و پشت بەبەرھەمی نێوخۆیی ببەستێت لە کەرتی کشتوکاڵیدا بەتایبەت ( گەنم و برنج) و گرنگی زیاتر بدات بە زیادکردنی کارگەی بەرھەمھێنانی ڕۆنی زەیت و جوتیاران ھان بدات بۆ چاندنی گەنمەشامی و گولە بەڕۆژە بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاو بۆ کارگەکان بە ئاسانی و لەئەنجامدا ئاسایشی خۆراکی خۆی دابین بکات.
ئەم هەواڵە 8560جار خوێندراوەتەوە |