|
نازم شێخانی
کاتێک باس لەمێژووی عێراق دەکرێ ، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قۆناغی درووست بوونی کە ووڵاتێکی بەزۆر لێکێندراوە ، بەتایبەت لەڕووی جوگرافی و دانیشتوان و زمان و ئاینەوە جیاوازە .
ئەگەر چی شارستانیەتی عێراق کۆنە و خاوەنی چەندین حکومڕانی گەورە بووە، هەر لە ئەکەدی و سۆمەریەکان ، دواتر سەردەمی عەباسیەکان ، ڕوخانی عەباسیەکان لەسەردەستی هۆلاکۆ و هەوڵدان بۆ بونیاد نانەوەی و رزگار بوون لە ژێر دەستی مەغۆڵەکان ، ئەم ووڵاتە دەکەوێتە ژێر دەستی ئینگلیزەکان وەک ئەوە وایە لەچارەنووسی گەلەکەی نوسراوە نەهامەتی و شەڕ دەستەخوشکن ، دواتر قۆناغی دوای ئینگلیزەکان بەدرووست کردنی ووڵاتی عێراق دادەندرێت ، وڵاتێک لەدایک دەبێت کە مەلەکیەت حکومڕانی دەکات ، لەساڵی (1921) دانانی مەلیک فەیسەل لەلایەن ئینگلیزەکان، قۆناغی مەلەکی تاقۆناغی کۆماری قۆناغی زێڕین و بونیاد نانی ژێرخانی ئابوری و پێشکەوتنی ئەم ووڵاتە بووە ئەگەرچی تێبینی زۆر هەبوە ، بەڵام جارێکی تر ئەم ووڵاتە ڕوو بەڕووی جەنگ دەبێتەوە ، چ جەنگی ناوەخۆ وەکو کوداتایەكان ، یاخود جەنگی هەشت ساڵەی عێراق ئێران و جەنگی بیابانی کەنداو وای لەگەلی عێراق کرد خەونی بەئازادی و رزگاربوون ببینن ، بۆ ئەوەی ساتێک دوور بکەونەوە لەجەنگ و کوشتار و پشوەک بدەن و پڕ بەگەرویان هەوای ئازادی هەڵمژن، بەڵام کوشتن و بڕین بۆتە بەشێک لەمێژووی ئەم ووڵاتە لەوە دەچێت گەلی عێراق بۆ خوێن ڕشت و کوشتن لەسەر زەوی درووست کرابێ .
دوای ڕوخانی ڕژێمی عێراق لەساڵی (2003) چاوەڕوان دەکرا خۆش بەختی وسەر فرازی ڕوو لەگەلانی عێراق بکات، بەڵام زاڵ بوونی حزبایەتی و تایفەگەری و کاریگەری و هەژموونی ووڵاتان بەسەر حکومڕانی عێراق لەدایک بوو ، جیاواز لە چەرخەکانی رابردوو ، هەر ئەمەش وای کردوە داهاتووی ووڵات بکەوێت نێوان ژین و مەرگ .
بەهاتنی ئەمریکیەکان بۆ عێراق و کاریگەری ئیران بەسەر حزبە عێراقیەکان وای لەم ووڵاتە کردوە هێندی بەرەو هەڵواشاندنەوە هەنگاو بنێت ، هێندە ڕوەو ئاوەدان کردنەوە هەنگاو نەنێت ، عێراق کۆمەڵێک سەرچاوەی داهات و گران بەهای هەیە ، بەڵام زۆرترین ڕێژەی هەژاریە لە ئاستی جیهان لەم ووڵاتە بونی هەیە وبەدرێژایی حکومڕانەکان نەتوانراوە ئاستی هەژاری کەم بکرێتەوە.
عێراق لەڕووی ووڵاتانی گەندەڵکار لە پێشەوەیە ، لەڕووی هەبوونی یەدەگی نەوت لە پێشەوە ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چارەنووسی ئەم ووڵاتە بەرەو ناڕۆشنی دەڕوات ، چونکە پڕۆژەی ووڵاتانی زلهێز شوێنی پرۆژە خۆماڵیەکان خاوەن حزبە رەسەن و ئیرادە بەهێزەکانی هەڵقوڵاوی نێو جەماوەر دەگرێتەوە ، عێراق بەدوو قۆناغ تێدەپەڕێت ، قۆناغێک رزگار بوونە لە تیرۆر و تۆقاندن ، قۆناغێکی تر ڕزگار بوون لەدۆخەی ئێستای ووڵات پیادا تێدەپەڕێ و هەنگاو نان بەرەو درووست بوونی عێراقی نوێ بۆتە ئەستەم چونکە هیچ حزبێک ناتوانێت باشترین خزمەتگوزرای پێشکەش بەگەلانی ناوەڕاست و باشور بکات و نەبونی ئیرادەیەک بۆ چاکسازی و بونیاد نانەوەی ئەو ووڵاتە و ئەوپەڕی بێ ئومێد بوونی گەلانی عێراقە ، چونکە باش دەزانن حزبە عێراقیەکان ناتوانن دوای هەڵبژاردن لەسەر کاندیدێکی بەهێز بۆ سەرۆکی حکومەت ڕێک بکەون وحزبەکانی باشور و ناوەڕاست هێندەی هەوڵی جێبەجێکردنی سیاسەتی ووڵاتی ئیقلیمین و گەلانی عێراق ئەگەرچی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد بەرێژەیەکی کەم و دەنگ هێنانی کەسانی بێلایەن و سەربەخۆ و شکستی حزبە گەورەکان دڵخۆشکەر نیە ، چونکە دەبێت بۆ دانانی سەرۆک وەزیران گفت و گۆ لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران و سعودیە بکەن ، وەگەلی عێراق بڕوای وایە حزبەکان هێندە لەخەمی ڕازی کردنی ئەجیندای ووڵاتانن ، هێندە لەخەمی پێشکەش کردنی خزمەتگوازریەکان نین ، کاتێک هاوڵاتیەی عێراق سەردانی هەرێم کوردسان دەکات ئینجا هەست بەوە دەکات لە چ چەنگڵستانێک دەژی ، هەست دەکات سیاسیەکانی ووڵاتەکەی لە کەسانی مافیا دەچن نەک خزمەتکاری ووڵات ، هاوڵاتیەک بە ئاخ و نوزەوە باس لەنەهامەتیەکانی ژیانی خۆی دەکات ، ئینجا هەست دەکەیت ئەم ووڵاتە لە چ قەیرانێکی گەورەدا گوزەر دەکات ، هەوڵی تیرۆر کردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کوشتن و بڕینی هاوڵاتیان لەسەرجەم ناوچەکان ، هەست دەکەیت ژیان لەم ووڵاتە لەجەنگڵستانێکی پڕ لە ئەژدیها و دڕندە دەچێت ، نەک لەوڵاتێک کە لەسەدەی بیست و یەک، گەلی عێراق لەچاوەڕوانی ئەوەدان جارێکی تر ووڵاتە زلهێزەکان کەسێکیان بۆ بهێنێت و حکومڕانی ووڵات بکات ، چۆن لەسەرەتایی درووست بوونی ئەم ووڵاتە بەریتانیەکان بەهۆی رێکنەکەوتنی سیاسیەکانی ئەوسا ، مەلیک فەیسەڵ دەهێنن و وەک مەلیکی وڵات دایدەن و لەبارو دۆخەی ئێستادا رزگاریان دەکات، یان هاوشێوەی لوبنان و یەمەن و سوریا دەبنە قوربانی ململانێی زلهێزەکان ، ئەگەرچی بارو دۆخی ئێستا هیچی لەو ووڵاتانە کەمتر نیە .
دوای زیاتر لە هەژدە ساڵ لەڕوخانی ڕژێم ، هیچ ئاسۆیەک بۆگەلی عێراق بەدی ناکرێ و ڕوناکیەک لەم ووڵاتە بونی نیە و چارەنووسی گەلانی دۆڵی رافیدەین لەچارەنووسی سودان دەچێت، چۆن سودان دابەش بوە بۆ دوو ووڵات هێدەش پێویستە عێراق بگەرێتەوە قۆناغی پێش درووست بوونی .
ئەم هەواڵە 8713جار خوێندراوەتەوە |