جەواد قادر
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی زۆر بەرلە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەی عێراق پێداگر بوو لە پێکهێنانی لێكگەیشتنێكی نیشتمانیی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. نزیکەی لە هەموو کۆبوونەوەکانیدا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، سەرۆکی هەرێم ئەم لێکگەیشتنە نیشتمانییەی وەک تاکە ڕێگەی دوورخستنەوەی عێراق لە گێژاوێکی ترسناکی تر پێناسە کردووە. نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا و لەگەڵ سەرجەم سەرکردە بەنفووزەکانی شیعە و سوننە، لە هەولێر لە ساڵوەگەڕی شەهیدی میحراب، لە سلێمانی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان و لە دەرەوە لە دیدارە زنجیرییەکانیدا لەگەڵ میر و سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا لێنەبڕاوانە کاری بۆ ئەو ئامانجە نیشتمانییە کردووە. ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا بە ڕوونی هۆکاری ئەو پێداگرییەی سەرۆکی هەرێم دەردەخەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی ڕاشکاو هەڵگری دوو پەیامی سەرەکی بوو: یەکەم، دەنگدەری هەموو هێزە عێراقییەکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دژی دەستوەردانی دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی دراوسێی عێراقن. دووەم، هاووڵاتی عێراقی دەوڵەت و دامەزراوەکانی عێراق بە هیی خۆی نازانێت و بە دەمڕاستی نوخبەی وڵاتەکەی لە قەڵەم دەدات. ئەمە لە ڕێژەی لاوازی بەشداریی دەنگدەرانەوە زۆر بە ڕوونی دەرکەوت و سەرۆکی هەرێم بە زەنگێکی ڕاچڵەکێنەر پێناسەی کرد کە دەبێ بە هەند وەربگیرێت.
سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسەکەی (مێری) لە هەولێر، زۆر ڕاشکاو بوو لەوەدا کە نەوەی نوێی عێراق، کە زەرەرمەندی یەکەمی دابەشبوونی سەرمایەی وڵاتە، چیتر ئامادە نییە لە ڕاست بێدادی و بێسەروبەریی ئیداریدا بێدەنگ بێت و هەلی کار و ژیانی دەوێت. نێچیرڤان بارزانی ئەوەی بە بیر هێنایەوە کە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە لە ڕاستیدا لەژێر گوشاری ناڕەزایەتیی ٢٠١٩ی گەنجانی عێراقدا ئەنجام درا و پشتکردن لە داخوازییەکانیان، کردنەوەی دەرگای قەیران و ماڵوێرانیی چاوەڕواننەکراوی ترە بەڕووی هەموو عێراقدا.
هاوکات، سەرۆکی هەرێم چەند بە نیگەرانییەوە باس لەو مەترسییانە دەکات، هێندەیش باسی ئەو ئاسۆ ڕوونە دەکات کە رێکەوتنێکی تازەی نیشتمانی، بە پاڵپشتی جیهان و وڵاتانی دراوسێ، دەتوانن مەیسەری بکەن. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بەشی هەمووان دەكات. هەربۆیەیشە، سەرۆکی هەرێم دەڵێت هەموو لایەنەکان، چ لە عێراق و چ لە کوردستان، براوەی هەڵبژاردنن و نابێ بە چاوی زۆرینە و کەمینەی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی سەیری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت. بە واتایەکی دیکە، هیچ هێزێک و نەتەوەیەک ناتوانێ عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی کارا و ڕاستگۆیانەی هێز و نەتەوەکانی تر بەڕێوە ببات. ئەمە لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا تاقی کرایەوە و دەرئەنجامەکەی شەڕە خوێناوییەکانی نێوان ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢ و دواتریش دەرکەوتنی هێزێکی ئەهریمەنیی وەک داعش بوو.
سەرۆکی هەرێم ئێستایش هاوڕای نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەریکا و زۆرینەی ڕەهای هێزە عێراقییەکانە لەوەدا کە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبێ حکوومەتێکی بنکەفراوانی سەرڕاست بێت و بە تایبەت بەشداریی ئەو هێزانە لە فەرمانڕەواییدا مسۆگەر بکات کە لە هەڵبژاردندا پاشەکشەیان کردووە. ئەمە پێویستی بە لێكگەیشتنێكی نیشتمانیی بەهێز هەیە کە لە غیابیدا ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەغدا سەرەتای گەڕێکی دیکەی ئاگرین دەبن لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمەکەی کوردستانیشەوە.
ئەم هەواڵە 3013جار خوێندراوەتەوە |