|
نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی وتاروهەوڵ و كردەوەكانی پەكەكە، بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری هەرێمایەتیی ونێودەوڵەتیی لە نێو دەستووری هەمیشەیی عێراق ، بێجگە لە كارێكی دوژمنكاری هیچی تر لە خۆی ناگرێت ، لە هەمان كاتدا ،پەكەكە كار بۆ تێكدانی سەقامگیری و زیانگەیاندن بە ئابووری و بارودۆخی ئاشتی و پێكەوە ژیانی كوردستان دەكات و وەك ڕێنیشاندەری سوپای نەیارانی كورد و میلیشایی بەكرێگیراو و گڵۆپی سەوزە بەناوی شەڕكردن و خەبات . گروپی پەكەكە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە یاسایی و فەرمییەكانیینەوە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو تا بە ئەمڕۆ ، بەهەموو توانایەكەوە دوژمنایەتی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی دەكات و زیانی گەورەی بێ شووماری لە رووی گیانی و ماددی بەگەلی كوردستان و دەستكەوتەكانی گەیاندە . پەكەكە، هەر رۆژەوە بە پاساوێك هێرشی سەر هەرێمی كوردستان دەكات و زیانی پێدەگەێنێت ، ئێستا ئیتر بە ئاشكرا ، خاكی هەرێمی كوردستان بۆ شەهیدكردنی پێشمەرگە ، كادیری دامودەزگەكانی هەرێمی كوردستان بەكار دێنێت و وڵاتانی هەرێمی پەكەكە وەك گروپێكی میلیشایی چەكدار دژ بە كیانی كوردستان بەكار دەهێنن . لەماوەی سێ دەیەی رابردوو، پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا هەموو ئەو نەخشە و پیلانانە جێبەجێدەكات كە نەیاران و دوژمنانی گەلی كورد بۆیان نەرەخسا بێت ئەوا لە ئێستادا ئەوانە ئەنجامی دەدەن . هەروەها میلیشاكانی پەكەكە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو ، ڕێگریان كردووە لە ئاوەدانكردنەوەی دەیان گوندی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی ، هەروەها لە ناو بازنەی ئیدارەی شەرعیی هەرێمی كوردستاندا، ئیدارە و هەرێمێكی جیاوازی بۆ خۆی دروست كردووە، بۆ تێكدانی شەرعیەتی هەرێمی كوردستان. زێهنیەتیی خۆسەپێنی پەكەكە وایكردووە كە هەردەم هیچ حیسابێك بۆ سەروەرییەكانی هەرێمی كوردستان نەكات و زۆرجاران كاری تێكدەرانە و دەستێوەرانی مەترسیدار دەكەن ، ئەوەش ئاشكرایە، كە پیلانگێری دوژمنانی كوردستانە بۆ دروستكردنی كێشە وئالۆزی لە نێو هەرێمی كوردستان . هەروەها پەكەكە ، لەماوەی رابردوو، كاری زۆر مەترسیدار و تێكدەرانەیان هەر لە ڕفاندنی منداڵان تا بەكارهێنانییان بۆ كاری نایاسایی و ئینجا بازرگانییكردن بە ماددەی هۆشبەر و ترس وتۆقاندن و تیرۆر كە ئەوەش خۆی لە خۆیدا زیان بە ناوبانگی كورد دەگەێنێت . بۆیە، دۆسییەی پەكەكە لە گشت روویەكەوە زۆر ڕەشە بەتایبەت كە هەڵسوكەوت و كارەكانیان تەنها خزمەت بە دوژمنانی كورد وكوردستان دەكات لە سەر ئاستی كوردستان گەورە دا ، تادێت ماهییەتی پەكەكە ، زیاتر ئاشكرا دەبێت بەوەی هیچ نیازی بۆ رزگاركردنی خاكی باكووری كوردستان نییە بەڵكو ئامانج تەنها ئەنجامدانی كاری مافیایی و چەكدار وتێكدەری و دروسكردنی كۆسپ و بەربەستە لە بەردەم كاروانی خەباتی ئازادیخوازی كورد وركودستان . لەلایەكی تریشەوە، رۆژ بە رۆژ پەكەكە، بە پاساویی سوپای تورك لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان ، رێگە بۆ داگیركاری و وێرانكاری و سووتانی سەروماڵی گوندنیشنان و ئینجا زیانگەیاند بە ئابووری و ژێرخانی كوردستان زیاتر دەكات . هەموو ئەو كارەتێكدەرانەیە لە كاتێكدایە،خۆی بە نوێنەری خەباتی باكووری دەزانێت لە كاتێكدا ، نەك بۆ باكوووری كوردستان بەڵكو بۆتە سەر ئێشە بۆ رۆژئاوا و رۆژهەڵات و هەموو خەباتی گەلی كورد و ئەو هێزانەی كە بە زۆر خستوێتیە ژێر كۆنترۆڵی خۆی ئەوا خزمەتی نەیارانی گەلی كورد پێدەكات و لە ڕاستیدا دژی مافە نەتەوایەتییەكانی كورد وكوردستانە . بۆیە، هەموو ئەو هەڵسوكەوتانە پێمان دەڵێن كە ، پەكەكە هێزێكی چەكداری بەركرێگیراوە لە خزمەتی نەیارانی كورد وكوردستان.
ئەم هەواڵە 11839جار خوێندراوەتەوە |