|
نوسینی : رێبوار حەمەلاو شوانی
رۆژی 10/7/2019 كابینەی نۆیەمی بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی لە هەلومەرجێكی زۆر ناسك و هەستیاردا، بە دروشمی كوردستانی بەهێز و ستراتیج و بەرنامەی تۆكمە و گشتگیر كە تێیدا حكوومەتی كوردستان ماڵی هەموو كوردستانییەك بێت، دوور لە حزبایەتی و بیری جیاواز، دەستی بە كارەكانی كرد. دوو ساڵی رابردووی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم حكومەتی كوردستان لە قۆناغێكی سەخت و هەستیار و بە دروشمی كوردستانێكی بەهێز درێژەی بە خەبات و تێكۆشان لە پێناو خزمەتكردنی گەلی كوردستان دا ، كە تێیدا حكومەتی هەمووان بێت و خواست و داواكارییەكانی گەل و وڵاتەكەی بێنێتەدی . لەم كاتەی ئێستادا كە جیهان رووبەرووی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتەوە و ئەم پێشوازی و دیدارە فەرمییانە لە سەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپایی ، پێشوازی لە رێزدار مەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان و سازدانی چەند دیداری تایبەتی ، ئەمە نیشانەی گرنگی و پێگەی هەرێمی كوردستان پیشان دەدات لە دیدی سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتەوە، وێڕای ئەو تەوەرە گرنگانەی كە لەو دیدارانەدا تاوتوو كراون. بەتایبەت بۆ ئێمەی گەلی كورد كورد لە هەرێمی كوردستان كە ، لەم قۆناغەدا كە وا پێدەچێت قۆناغێكی هەستیار بێت بۆمان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و ئابوورییەوە، زیاتر لە جاران پێویستمان بەم جۆرە دیدارانە و بە دۆستایەتی و هاوپەیمانی و پەیوەندیی باش هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپایی بە گشتی و بەتایبەتی بەلژیكا و یۆنانستان لەسەر ئاستی باڵا، سەردانە فەرمییەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لە چوارچێوەی ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە و ئەو پەیوەندییە گرنگ و پێویستەدا بینیەوە. ئەو هەنگاوانە ، بە بەرنامەیەكی گشتگیر لە رووی چاكسازی، ئیداریی ،ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و دارایی دەستی پێكرد و قۆناغی گرنگ و گەورەی بەرەو پێشەوە نا كە رۆژ بە رۆژ بەرهەم و ئەنجامەكانی زیاتر روون دەبنەوە.ئەگەر هەڵوەستە لە سەر جموجۆل و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بكەین چ لە سەر ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لە ماوەی رابردوو، هۆكاری سەڕەكیی بوون لە بەغدا یاسایی فرۆشتنی نەوتی كوردستان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و چیتر كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەكرێت . هەروەها بینیمان ئەنجامی ئەو دیپلۆماسییە سەركەوتووانەیە ، ئەو كاتەی كە مووشەكبارانی هەولێری پایتەختكرا ، بەخێرایی كاردانەوەی وڵاتانی ناوچەكە و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، ئەوەش سەركەوتنێكی دیكە بوو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر وپیلانگێرییەكان. لەلایەكی ترەوە، لە ماوەی رابردوو، بە هۆی ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی لە بار لە رووی سەقامگیری و ئاشتی و وایكردووە كە رۆژ بە رۆژ سەرنجی وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی زیاتر بەرەو هەرێمی كوردستان بێت ، هەر ئەوەشە وایكردووە ، لەماوەی دوو ساڵی رابردوو، چەندین سەركردە و شاندی بەرز و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەكەو دونیا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و بە بایەخەوە باسیان لە گەشەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان كردووە .. بانگهێشتی چەند رۆژی رابردووی چەند وڵاتێكی ئەوروپایی بەتایبەت وڵاتی بەڵژیكا و یۆنان و هەرێمی فلاندەر و كە بە شێوەیەكی فەرمی و پرۆتۆكۆلێ رێزدار مەسروور بارزانیی سەرۆكی حكومەتی كوردستانیان بانگێهشت كرد و تێیدا بە ئاڵایی كوردستانەوە پێشوازی لە سەرۆكی حكومەت كرا ، ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایی گرنگی و بایەخی هەرێمی كوردستانە . هەڵبەت ئەو گرنگی و بایەخ وپێگەی هەرێمی كوردستان هەر لەخۆیەوە نەهاتۆتە ئاڕاوە ، بەڵكو بەر ئەنجامی سیاسەتی ژیرانەی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری هەرێمی كوردستانە كە وایكردووە كە وڵاتانێكی گرنگی وەك بەلژیكا ،یۆنان و هەرێمی فلاندەر كە خاوەن پێگەیەكی گرنگن لە رووی ئەمنی و سەربازیی لە نێو یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی فەرمی پێشوازی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن . هەروەها رێككەوتنی بواری نەوت و غاز بە شێوەیەكی یاسایی ، دوای هەوڵ وپشوودرێژییەكی زۆری سەرۆكی حكومەتی كوردستان و دیاریكردنی شایستە و پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسایی دارایی عێراق ، سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ زیاتر بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە نێو عێراقێكی شڵەژاودا. سەردانەكەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپای و بەتایبەت وڵاتی بەڵژیكا ، لە سۆنگەی ئەو گرنگیدان وبایەخدانەی وڵاتی بەڵژیكایە بە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە كاتە سەخت وهەستیارەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش كە پشتیوانیی زۆری هەرێمی كوردستانی كردووە و ئێستا ئیتر هەموو ئەو پیلانگیرانە زیاتر دژ بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئاشكرا و روون و، چ لە دەرەوە و چ لە سەر ئاستی نێوخۆیی كوردستان و چ دەوروبەری هەرێمی كوردستان ، بۆیە، گرنگە زیاتر پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانمان پەرەپێبدەین و جوڵە دیپلۆماسیی و سیاسییەكانی زیاتر بەكەین و لە سەر ئاستی ئەوروپا و ئەمەریكا لۆبی لەپێناو بەرژوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنین ، تا كو خاك و دەستكەوتەكانمان پارێزراو بن و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتە بەهێز و خاوەن پێگەكانی جیهان دروست بكەین.نەیاران گەلەكەمان بەردەوام هەرێمی كوردستان رووبەرووی كێشە وقەیران دەكەنەوە ، بەڵام هەوڵە بەردەوامەكانی سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتایبەت رۆژ بە رۆژ سەنگ و پێگەی كوردستان بەرەو پێشەوەتر دەبات.
ئەم هەواڵە 13726جار خوێندراوەتەوە |