بارزان خدر جاف
هەر بڕیارێك بەئاراستەی جیاواز، گۆڕانڪاریەك لە هاوڪێشە سیاسیەڪاندا دروستدەڪات، وە هەرگۆڕانڪاریەڪی سیاسیش بڕیارگەلێك و هاوڪێشەی سیاسیش دروست دەڪات،
لەلایەك، ڪێشەڪان و ناسەقامگیری لە هەلومەرج و بواراجیاوازەڪانی ڪورد و ئەو جیۆ سیاسی و تەوژم و عەقڵیەتە داخراوە ئەقلیمی و دوەلیانەی هەبووە لەڕابردوو تا هەنووڪەش زاڵە بەسەر دۆزی ڪورد، لەلایەڪی تریش فاڪتەری هەرەبەهێزیش ئەگەڕێتەوە بۆ خودی ڪورد خۆیی ڪە خۆی فاڪتەری بەهێز و خاڵی لاوازی نەیاران و دوژمنان بووە، جا نازانم ئەو ڕێڪەوت وقەدەرە، هۆڪاری چ بابەت گەلێڪە، ئەگەر هەڵوەستەیەك یان دیراسەیەڪی ووردی مێژووی ڪورد بڪەین و بگەڕێینەوە بۆ ڕابروو، ئەوە بۆمان ڕوندەبێتەوە ڪە هەمیشە گەلی ڪورد لەوانەی مێژوو یان پلەی ڪەوتووی بەرڪەوتووە یانیش جاروبار پلەی پەسەندی بەرڪەوتووە، چونڪە ئاڵنڪاری مێژوو و ڕابەرایەتی بزوتنەی ڕزگاریخوازی و سیستەمی حڪومڕانی و ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی هەر نەتەوەیەك و دامەزراوەیەك پەیوەستەو بەجۆر و چەندێیەتی هاونیشتمانیان و ڕەنگدانەوەی ڪەلتور و فەرهەنگیو ئاین و زمانی، تاڪەڪان و ڪۆمەڵگان ڪە هەردوولا ئاوێنەی یەڪترین، ئەگەر دۆزی ڪورد بەراوردی قوتابیەڪی لاواز و میزاجی وێنای بڪەین بەڕونی بۆمان دەردەڪەوێت ڪە ڪورد لە قوتابیەڪی لاواز دەچێ هەمیشە بۆ شڪستەڪانی بیانو دێنێتەوە ڪە میزاجی قوتابی لاوازیش وایە ڪاتێ نەتیجەی ڪۆتایی وەردەگرێتەوە و سەیردەڪات ڪەووتووە لەوانە قوورسەڪان! وەلێ ئازایانەو بەجەربەزەییەوە دوو بیانووی لاواز دێنێتەوەو دەڵێت
① ڪاتێك نەتیجەی مێژوو و جوگرافیاو ئابووری لاوازەو ڕاستەوخۆ دەڵێت ئەوەنیە لەوانەی وەرزش و وێنە و سروود باشم و دەرچووم! پاشانیش بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی و پەردەپۆشڪردنی شڪستەڪەی دێت زیاتر میڪیاژی دەڪات و دەڵێت خۆ لەفڵانە ڪەس باشترم! ئەو لەشەش وانە ڪەوتووە،بەڵام من لەچوار وانەڪەوتوم ،تەبعەن عوزر هێنانەوە باشترە لە قەباعەت و دانپێدانانی هەڵەڪە، بەڵام بێئاگا ڪە ئەو دەرمانە دەرمانی دەردی برینەڪەی ناڪات،! جا سەیرتر لەمە وەرەو سەیری وانەی مێژووی ڪورد بڪە لەدەوڵەتی مادەوە تاڪوئەزمونی چوارپارچەی ڪوردستانی ئێستا ڪە مەبەستم هەر چوارپارچە شەڪەتەڪەی کوردستانە، ڪە سەدان ساڵە بەردەوام لە ژێرتاقیڪردنەوەدایەو تاقیڪردنەوەشی ئەنجامداوە بەڵام هەر لەپلەی ڪەوتودایه ! بەتایبەت لە تاقیکردنەوەی وانەی مێژوو وجوگرافیا و ئابووری هتد!
* ڪە سەیری مێژووی گەلان بڪەین ئەزانین ڪە بە چی شێوازێك گەیشتونە دوای پلەی پەسەندی و بەدەستهێنانی تەواوی مافەڪانیان،مخابن لەناو نەتەوەی ڪورداو بەتایبەت باشووری ڪوردستان ڪەم نین ئەوانەی ڪە بەرنامەو ڪاری سیاسیان دژایەتیڪردنی ڪوردستان و خودی چەند حزبێڪی دیاریڪراوە ڪە پارتی دیموڪراتی ڪوردستانە ڪە خاوەن بەرنامەو پلانی ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتمانیە، هەوزەمان دوای پرسی ڕیفراندۆمیش هەوڵ بۆ بەدەستهێنای ماڤە زەوتڪراوەڪانی ڪورد دەدات و هەوڵ بۆ پتەوڪردنی باری سیاسی و ئابووری و عەسڪەری ڪوردستاندەدات، بەڵام مخابن تەوژمێك بەرۆڪی گرتوە ڪە هەوڵ بۆ لەباردنی خەونەڪانی ڪورد دەدات هەربۆیە جەنابی سەرۆك بارزانیش یەڪێ لە گوتەڪانی دەڵێت هەر (میللەتێك ڕابردووی خۆی نەزانێ و ئاشنای مێژووەڪەی نەبێ ئەوا ناتوانێ داهاتوو بونیاد بنێت و ڪار بۆ داهاتووش بڪات)بۆنمونە ئێستا ڪوردستانی باشور نزیڪەی سی ساڵە ئەزمونی حوڪمڕانی و دەوڵەتداریەڪی مۆدێرنی سیستەمی دیموڪراسی و پەڕلەمانی دەڪات، خۆشبەختانە قۆناغی عەشیرەتگەری و شارچێتی و ناوچەگەریەتی و هەتتا ڕاگوزەریشی تێپەڕاندووە، تاڪو هەنوڪەش ڪەلە قۆناغی دەوڵەتداری و حڪومڕانیەڪی مۆدێرنی دیموڪراتیخواز و دیموڪراسیانەدا و مومارەسەی ئەم چەمڪانە دەڪات، بەچەندین قۆناغی جیا گوزەری ڪردووە، هەنووڪە پەیی بە ئەزموون و قۆناغی حوڪمڕانی دەوڵەتداری دەدات بەڵام تاڕادەیەك نەیتوانیوە تا بەشێوەیەڪی ڕەهاو سیستەمێڪی مەدەنیانەی مۆدێرن، ئیدامە بە سیاسەتێڪی گشتگیری موطڵەق بدات هەڵبەت ڪە بەراوردی دەرسی مێژوو و جوگرافیا و ئابووری بڪەین بۆ ڪوردستانی باشوور دەبێ بڵێین، هێشتاش لەو دەرسانە بەتەواوەتی دەرنەچوە لەتاقیڪردنەوەڪان، هەڵبەت تاڪو ئەم ساتەش بەتەواوی پلەی پەسەندی بەدەست نەهێناوە، بەڵام هۆڪار گەلێڪی نامەنتیقی و ئاڵنڪاری سیاسی و ناتەبەیی لایانە سیاسیەڪان و نەبوونی یەڪدەنگی و یەڪهەڵوێستی، پاشانیش دژایەتیڪردنی چەند دەستەو گرووپێك و بەهاوڪاری و هەوڵی ووڵاتانی دوەلی و ئیقلیمی، هەتتا دژایەتیڪردنی بەشێك لە حزب و گرووپی هەڵپەرست و بەرژەوەندیخوازەڪانی ناوخۆ، ڪە ئەمانەو چەندین بابەتی تر هۆڪارن بۆ نیشاندانی خاڵە لاوازەڪانی ئەم ئەزمونەو نەگەیشتنی بەخاڵی پەسەند بەداخەوەش بەردەوام لەهەر بارودۆخێڪیشداخۆیان مەڵاس داوە بۆ تێڪدان یان نەمانی یانیش لەتڪردنی جەستەی ڪوردستان پشێوی نانەوە، پێشموایە ئەم جۆرە حڪومڕانیەی ئێستا ئیدامە دەدرێت و پراڪتیزە دەڪرێت ڪە بەرهەمی خەبات و هەوڵ و ڪۆشش و خوێنی شەهیدانە،بەو هیوایەین ڪە بەرەو دۆخێڪی زۆر باشتر لەئێستا هەنگاو بنێت،بەڵام پێویستە مەڪرورتر لەجاران ڪاربڪرێت بۆ بنەبڕڪردنی گەندەڵێ و ناعەدالەتی هەوڵدان بۆدابینڪردنی پڕۆژەی ستراتیجی و خزمەتگوزاری و دابینڪردنی ژیانێڪی شایستەتر بۆ هاونیشتمانیان، ئەگەر نا ناتوانین داهاتووی ڪوردستان ڕوناك بڪەین و بیگەێینە دوا مەنزڵی ئارام و پلەی پەسەند بەدەستبێنین،
*کوردستانی باڪور نزیڪەی چل ساڵە ئەزمونی شاخ دەڪات هێشتا نمرەی لاوازە هەرلە سەرەتاییداو بەچەقبەستووی ماوەتەوەو ئەوەی ڪە لە ڕابردووش هەبوو ئەو تۆسقاڵە ئومێدەبوو بەڵام ئەمیشیان نەهێشێت، بەهۆی نەزانی و ڕونتر بڵێم سیاسەتی میزاجی و ئایدۆلۆژی داخراوی گروپێکەوە یانیش نەبوونی سیاسەتێڪی گشتگیری دامەزراوەیی نەتەوەیی و نیشتمانی!،
* ڪوردستانی ڕۆژئاوا نزیڪەی (10)ساڵە ئەزمونی شار پیادە دەکات ئیدامە بە سیاسەتێڪی نێوخۆییو لۆڪاڵی دەدات،هێشتاش لە قۆناغی سەرەتایی ڕاگوزەردایە، ئەویش پلەی پەسەندی بەدەست نەهێناوە بەڵڪو لاوازو لاوازتر دەردەڪەوێت لەئێستادا! ئەمیش بەهۆی نەبوونی پشتیوانیەڪی بەهێزی دوەلی و خۆخۆری و سیاسەتی تاك لایانەی گروپێڪی لۆکاڵی و نەبوونی پلان و بەرنامەیەڪی ستراتیژی نەتەوەیی دوورمەودا بۆ واقیعیەتی ڕۆژئاوای ڪوردستان و تەداخولاتی ڕاستەوخۆیی گرووپی پەیەدەش هەندەی تر دۆخەڪەی ناسەقامگیر ڪردووە و ئەزموونی ئێستای ڕۆژئاوای خستۆتە ژێر مەترسیەوە،
* ڪوردستانی ڕۆژهەڵات شەست وهەشت ساڵە ئەزمونی شارو شاخ دەڪات وەك هێزگەلێڪی شۆڕشگێڕی خەبات دەڪەن بەڵام خراپتر لە پارچەڪانی تر نمرەو پلەی پەسەندی بەدەست نەهێناوە بەڵڪو لەڕێگایەك وەستاوە و لاوازبووە ڪە نەك،توانای هەڵسانەوەی نیە بەڵڪو دەست و قاچیشی بەستراون ڪە ناتوانێ هەنگاوێ هەڵبنێ ئەمیش بەهۆڪاری بێ بەرنامەو بێ پلانی ستراتیجی نەتەوەیی و دووبەرەڪی حزبە ڪوردیەڪان و نەبونی هێزێڪی پشتیوانی و پاڵنەرێڪی بەهێزی دەرەکی، نەبونی متمانە بە هێزی نێوخۆیی ڕاستەقینە ئەمانەو چەندین هۆڪاری تر دۆزی ڕەوای ڪوردیان بە چەقبەستوی هێشتۆتەوە، ئێستاڪە تۆ وەرە بەدەم قاوەو چایی خواردنەوەوە دانبنیشەو لەهەموو ئەو مەسەلانەی ڪورد بپرسە، بڵێ ئایا ڪوردی خاوەن مەملەڪەت و خاك و ئاڵاو ڪەلتور و زمان بۆچی لەدەرسی مێژوو و جوگرافیا هەر ڪەوتووە چەقبەستووە، ؟ ئەڵێن خۆ ئێمەی ڪورد لەئەزمونی حزبایەتی و سیستەمی دیموڪراسیەت و حڪومدار و دەوڵەتداریدا زۆر لە قوتابی ئەفریقی وعەرەبی وئەفغانی وبەنگلادیشی و سودانی باشترین!!،
ڕێك مەسەلەی قوتابیە تەمبەڵەڪە دێنێتە گۆ و خۆیشس بەراوردی خراپتر لەخۆی دەڪات ئەمەش نیشانەی دواڪەوتنی کۆمەڵگایەڪی عاتیفی و سۆزداری و میزاجی و دواڪەوتووی ڪوردە ڪە خۆ بەڪەمزانی ڪۆمەڵگاشە لەئاست خەبات و تێڪۆشانی خۆیدا، ڪە سەدان ساڵە به ئاگرو ئاسن دوژمنەڪانی لەتلەتی بڪەن ئەمیش تەنیا دەتوانێ و دەزانی دیفاع بڪات! وەك نوێنەرەڪەی ئەمەریڪا و خودی تڕەمپیش جارێڪیان لێیان پرسی بوون، لەگەڵ ڪورد چۆن پەیوەندیەڪتان هەیه؟ (لەوەڵامدا وتبویان ڪورد جەنگاوەرێڪی ئازان!!) دیقەت بدەن نەیانوتبوو جەنگاوەرێڪی زیرەك و عاقڵ! ڪەواتە ئەوەندەی میلەتێڪی میزاجی و عاتیفین، نیو ئەوەندە عاقڵ و زیرەك نین،!
ئێستاڪە ڪورد ڪەوتۆتە دۆخێك، ڪە میزاجیاتی ڪۆمەڵایەتی و سیاسی و عەسڪەری و فێرڪردن و پەروەردەیشی بەجۆرێ تێك چووە، وێنەو وەرزش و هونەر و سرودیشی خستۆتە ڪۆتایی وانەڪان وشانازیش بەنمرەڪانیانەوە دەڪات!! وەلێ ئەم دەرسانە هیچ سودو زانیاریەڪی گرینگیەك و موسدەقیاتێڪی وای تێدانیە و ناتوانرێت بڪرێنە پێوەر بۆ قوتابی ژیر و سەرڪەوتوو، و پشتی پێ قایم بڪات چونڪە مرۆڤ لە هەمە چەژنەڪان توشی چەق بەستوی دەڪات و لە بارێڪی ڪەم ئەزمونیدا دەوەستێنێت، جا شتێڪی ترو سەیری میلەتی ڪورد،بڪەن سەری زمان و بنی زمانی دەڵێت دوژمنانی ڪورد خراپ و ڪورد ڪوژن و خاك و نیشتمانیان داگیرڪردووە و پارچە پارچە ڪردووە! وەلێ زۆریش ناویان بە خراپە بردووە بەڵام من پێموایە و دیدگا و ڕوئیای خۆم جیاوازە و چونڪە ئێمە وەك ڪورد هەرچی ناخۆشیەك و بەڵایەك و ناڕەحەتی و ماڵوێرانیەڪی توشمان بووە و دەبێت بەهۆی هاو نیشتمانیەڪانمان وخودی خۆمان بوە نەك ناحەز و دووژمنان، وەك دەوترێت ئەگەر (مریشك خۆڵ نەڪا بەسەر خۆیدا ئەوا هیچ ڪەس ناتوانێ خۆڵی پیا بڪا) هەربۆیە دەبێت ئێمە وەك ڪورد ڪە لەسەردەمێڪی زێڕینی پێشڪەوتنی تەڪنەلۆژیاداین و مومارەسەی شارستانیەت دەڪەین پێویستە زیاتر دنیابینین و بیرفراوانتر لەئێستاو واقیع بینتر بین بڪرێینەوە بە ڕووی جیهاندا لەسەر فەزایەڪی گشتی ڪاربڪەین و سیاسەت بڪەین، تاڪو خۆشمان بدۆزینەوە لەو فەزایه گەورەیەو لۆڪاڵێڪی بچووك بونیاد بنێین، چیتریش قسەو ڕەفتاری نەشیاو لەدوژمنەڪان نەگرین چونڪە تاخۆمان بە نیەتێڪی پاك و دەست لەناو دەست ڪێشەڪان چاك و چارەسەر نەڪەین، ئامانجی گەورە، ڪە ڪوردستان و نەتەوەڪەمانە ناگەیێینە دوا ڪەناری ئارام، و ئامانجی گەورەڪەی ڪورد و دۆزە ڕەواڪەی، و ئەو خۆرەی ڪوردیش قەت هەڵنایەت و دەبێت چاوەڕێی شتگەلێڪی تریش بڪەین هەربۆیە ڪورد ووتەنی گاسن لەچاوی خۆی نابینێ ،بەڵام دەرزی لەچاوی خەڵك دەدات.
ئەم هەواڵە 4384جار خوێندراوەتەوە |