جەواد قادر
سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئوردن و کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا لەم هەفتەیەدا، درێژکراوەی دیدارە زنجیرەییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا.
ئامانجی سەرەکی لەو سەردانانە گەییشتنە بە ڕێککەوتنێک لەسەر ستراتیژێکی ڕوون بۆ دابینکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەکەدا کە، بە تایبەت، چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریزمی ڕێکخراو لە خۆ بگرێت.
بە واتایەکی دیکە، سەرۆکی هەرێم نەک هەر هانی وڵاتانی ناوچەکەی داوە کە بە بەرنامەیەکی یەکگرتوو بە گژ ڕێکخراوە توندڕۆکاندا بچنەوە، بەڵکوو ئەم بەرنامەیە بۆ هاوکاری و هاوبەشیی نێوانیان لە بوارەکانی تریشدا بە کار بهێنن.
سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە مەترسی و گرفتی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ تیرۆریزمدا هەیە، بەڵام گرفتی ئوردن لەو ڕووەوە فرەڕەهەندترە. ئوردن لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بە ڕاشکاوی پاڵپشتیی لە سیاسەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کرد و بەشێک لە هێزە بەرهەڵستکارەکانی دژ بە دیمشق لە ئوردن ڕاهێنانیان پێ کرا. هەر ئەو هێزە بەرهەڵستکارانە، کە ڕیشەیان لەناو خێڵ و عەشیرەتە دەستڕۆیشتووەکانی وڵاتەکەدا هەیە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بوونەتە هەڕەشە بۆ سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لە ئوردندا.
شا عەبدووڵڵای دووەم بە یەک لە میانڕۆترین سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و لە پرسە ئاڵۆزەکانی ئەم ناوچەیەدا خاوەنی سیاسەتێکی تایبەت بووە کە تێیدا دەرگای دانوستانی بۆ هەموو لایەک بە کراوەیی هێشتووەتەوە. ئەمە بە تایبەت لە پرسی فەڵەستین و ئیسرائیلدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام بۆ نموونە لە پرسی سووریایشدا، ئوردن سەرباری هاوپەیمانیی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکادا، زیاد لە چەند جارێک یارمەتیی ڕووسیای نەیاری ئەمەریکای دا بۆ هەڵمەتی دژ بە داعش لە ناو خاکی سووریادا، کە بە دڵنیاییەوە یارمەتیدانی دیمەشقی لێ کەوتەوە. لە گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ٢٠١٧دا، شا عەبدووڵڵا بە پەرۆشەوە هەوڵی ناوبژیوانی نێوانیانی دا.
وا بڕیارە لەم ماوەیەدا شا عەبدووڵڵا سەردانی واشنتۆن بکات و وەک یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ سەرۆک بایدندا کۆ ببێتەوە. ئەمە پاڵپشتیی قورسی واشنتۆن بۆ پاشای ئوردن جەخت دەكاتەوە. کۆبوونەوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شا عەبدووڵڵادا بەرلە گەشتەکەی شا بۆ ئەمەریکا، پەیوەستە بەو هەوڵانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بەدیهێنانی ڕێککەوتنێک لەسەر ئاساییشی ناوچەکە لە ئارادا بوون و سەرۆکی هەرێم ڕۆڵێکی دیاری تێدا هەبووە.
سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا بە کردەوە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی -- بە تایبەت ئەمەریکا، فەرەنسا و بەریتانیای -- بۆ هەرێمی کوردستان پتەوتر کردووە. هەربۆیەیشە هەرسێ وڵات بە فەرمی سەرۆکی هەرێمیان بانگهێشتی وڵاتەکانیان کردووە. هاوکات سەرکردە عێراقییەکان و سەرۆکەکانی ناوچەکەیش ڕوانگە و هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمیان بەو ئاراستەیەدا بە هەند وەرگرتووە، بە تایبەت کە ئاگاداری بایەخی دیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بە پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم لە پرسی پەیوەست بە ئاساییشی ناوچەکەوە.
هەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠ی عێراق و هەڵبژاردنەکەی ئەم مانگەی ئێران، دوو لە گرنگترین ڕووداوە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەین کە هاوکاتن لەگەڵ کشانەوەی سەربازیی ئەمەریکا هەم لە عێراق و هەمیش لە ئەفغانستان. لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ئامادەییی لەشکریی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە، پێشبینی بۆ زۆر لە ڕووداوە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم ناوچەیەی ئاسان کردبووەوە. دەرچوونی سەربازیی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە، بێگومان، دەتوانێت بە واتای گەڕانەوەی ناسەقامگیریی سیاسی و دواتر ئەمنی بێت. هەر بۆیەیشە، سەرۆکی هەرێم لە یەک کاتدا هەم هانی کاربەدەستانی واشنتۆنی داوە کە پابەندی هاوپەیمانیی خۆیان بن لەگەڵ هاوبەشانیان لە عێراق و ناوچەکەدا، هەم هانی سەرکردە عێراقی و ناوچەییەکانی داوە کە لەسەر ستراتیژێکی هاوبەش بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەم دەڤەرە هەنگاو بنێن.
ئەم هەواڵە 4498جار خوێندراوەتەوە |