ZNA - هەولێر کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی نەسڕی سعودی، رایگەیاند ئەو ناچێتە خولی ئەمریکی بۆ ئەوەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی یاری بکات، چونکە دڵنیایە لەوەی خولی سعودی لە خولی ئەمریکی بەهێزترە. گوتیشی "جارێکی دیکە یاری لە ئەوروپا ناکاتەوە و لەگەڵ نەسڕ بەردەوام دەبێت".
یانەی نەسڕی سعودی لە یارییەکی ئامادەکاریدا بۆ وەرزی داهاتوو، کە لە پۆرتوگال بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی 0-5 بە یانەی سێلتاڤیگۆی ئیسپانی دۆڕا. دوای یارییەکە رۆژنامەڤانان کۆمەڵێک پرسیاریان لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد و ئەویش وەڵامی دانەوە.
رۆناڵدۆ لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی "گەڕانەوە بۆ ئەوروپا نییە، ئەو دەرگایە بە تەواوی داخراوە، تەمەنم بووە بە 38 ساڵ، پێویست بەوە ناکات".
دواتر کریس گوتی "بە بۆچوونی من تۆپی پێی ئەوروپا کوالێتی خۆی زۆر لەدەستداوە، تەنیا خولێک کە بەهێز بێت خولی ئینگلیزییە، خولی ئیسپانیا کوالێتی جارانی نەماوە، تەنانەت خولی ئەڵمانیاش پاشەکشەی کردووە".
ئەو باسی خولی پۆرتوگالیشی کرد و گوتی "خولی پۆرتوگالی باشە، بەڵام پلە یەک نییە".
کریس هەروەها زیاتر گوتی "شەش مانگ پێش ئێستا گوتم لە ماوەی سێ ساڵدا خولی سعودیە دەبێتە یەکێک لە باشترینەکانی پێنج خولە گەورەکە. زۆر رەخنەم لێگیرا کاتێک دەستەوارەی سعودیەم قبوڵ کرد، ئێستا هەمووان بەدوای مندا هاتن و کەس ناتوانێت رەخنە بگرێت. من دەرگاکەم کردەوە و ئەوانەی دیکەش هاتن".
ئەستێرەی پۆرتوگالی، لە درێژەی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە "پێموایە لە تەمەنی 38 ساڵ و نیودا بەردەوام دەبم لە ئەنجامدانی کاری زۆر سەرنجڕاکێش، گۆڵ تۆمارکردن و ئاسیستکردن، ئامادەکارییەکی باش بۆ یارییەکان، ئەنجامدانی کەمپێکی باش و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی لە ژیانی 21 ساڵەی ژیانی وەرزشیمدا کردوومن، بەردەوام دەبم لە چێژوەرگرتن بە هەمانشێوە، هێشتا هەست بە ئاسوودەیی دەکەم".
ئەو باسی راهێنەری نوێی یانەکەشی و ئامادەکارییەکانی کرد و گوتی "زۆر دڵخۆشم بە راهێنەرەکە و ستافەکەی. ئامادەکارییەکانی ئەمساڵم یەکێک بووە لە چێژبەخشترین وەرزەکانی ئامادەکاری لە هەموو ژیانی وەرزشیمدا".
کاتێکیش لێیانپرسی دەتەوێ خولەکی زیاتر بەرامبەر بێنفیکا یاری بکەیت؟ کریستیانۆ بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "هەنگاو بە هەنگاو. بڕیاربوو 45 خولەک بەرامبەر سێلتاڤیگۆ یاری بکەم و ئەگەری هەیە 60 یان 70 خولەک بەرامبەر بێنفیکا یاری بکەم".
دووپاتیشیکردەوە "من بەردەوامم لە چێژوەرگرتن لە تۆپی پێ، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە تۆپی پێم زۆر خۆش دەوێت".
پێیانگوت، دەتەوێ رووبەڕووی کەریم بنزیما ببیتەوە؟ ئەو گوتی "من تەنیا رووبەڕووی بنزیما نابمەوە، بەڵکو رووبەڕووی نونۆ سانتۆ دەبمەوە کە راهێنەرێکی پۆرتوگالییە و ساڵی رابردوو پاڵەوان بوو".
لە وەڵامی پریسارێکی دیکەشدا، کە دوای چەند رۆژێکی دیکە، هەڵبژاردەی خانمانی پۆرتوگال بۆ یەکەمجار لە مۆندیالدا دەردەکەون، دەتەوێ قسەیەکیان پێ بڵێی؟ دۆن کریستیانۆ گوتی "هیوای هێزیان بۆ دەخوازم و دەمەوێ بەردەوام بن لە کارە نایابەکان. ئەوان وەک تیپی پیاوانی پۆرتوگالن. پێموایە تۆپی پێی خانمان زۆر گەشە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، کە بەدڵنیاییەوە هەموو هەوڵێکیان دەدەن".
روودا
ئەم هەواڵە 775جار خوێندراوەتەوە |